مەسرور بارزانی: گرنگە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت
41 خولەک پێش ئێستا
148 جار خوێنراوەتەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆز ستیڤ فەیگن، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کۆبوونەوە.
بە گوێرەی راگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا لەبارەی بەهێزترکردنی پەیوەندیی دۆستانە و تایبەتی و هاوبەشی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.
وەک ئەوەی لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "هەردوولا هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانیان سەرکۆنە و شەرمەزار کرد و جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامیی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کردەوە".
هەروەها هاوڕابوون لەسەر گرنگیی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی هاریکاریی و هەماهەنگی لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە پێناو باشترکردنی دۆخی دارایی و زیادکردنی داهاتی گشتیی عێراق لە چوارچێوەی برەودان بە جموجۆڵی بازرگانیی و پاراستنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان .
هەردوولا جەختیان لە پێویستی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.
|