قەیرانی سووتەمەنی بەغدا و پارێزگاکانی عێراقی گرتەوە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  249 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، قەرەباڵغی لە وێستگەکانی بەنزین پەیوەستە بە جیاوازیی نێوان بەرهەمهێنان و بەکاربردن و رۆژانە بە نزیکەیی پێنج ملیۆن لیتر کورتهێنانی دەبێت.

قەیرانی سوتەمەنی، بەتایبەت بەنزین  بەغداد و پارێزگاکانی تری گرتوەتەوە و وەزارەتی نەوتی عیراق دەڵێت لە هەوڵەکانیان بەردەوامن و لە رۆژانی داهاتوودا کێشەکە چارەسەر دەکەن.

سەلیم رکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بەرهەمە نەوتییەکان، بەتایبەت بەنزین و جۆرەکانی دیکەی لە پاڵاوگەکانی عیراق، کەمترە لە خواستی بەکارهێنان و پێداویستی رۆژانەی شۆفێران.

وتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوە کرد، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەمییە، وەزارەت بڕیاریدابوو لە رێگەی گرێبەستێکەوە بەنزینی جۆری موحەسەن لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردە بکات، بەڵام بەهۆی گرژی و جەنگی  ئێران و ئەمریکاوە، ئاستەنگ و گرفت بۆ هاوردەکردن دروست بوە.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، هەوڵەکانی وەزارەتی نەوت بەردەوامن بۆ پەیداکردنی رێگەچارەی گونجاو و تێپەڕاندنی ئەم رەوشە و هیوای خواست لە رۆژانی داهاتودا بە تەواوی کۆتایی بەو قەیرانە بهێنرێت و رەوشەکە ئاساییبێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان بە هەمانشێوە کێشەی کەمی سوتەمەنی و بەرزی نرخەکەی هەیە و بەهۆی بەرزی نرخی هەرسێ جۆرەکەی بەنزین کاریگەری کردوەتە سەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان بە گشتی و شۆفێرانیش بە تایبەتی.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە