مەزڵوم عەبدی دەستبەکاربونی وەک راوێژکاری سەرۆکایەتیی سوریا ڕاگەیاند
2 کاتژمێر پێش ئێستا
83 جار خوێنراوەتەوە
مەزڵووم عەبدی زانیارییە کەسییەکانی هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نوێ کردەوە و ناو و پۆستی "فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)"ی لاداو خۆی وەک "راوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا" ناساند، کە نیشانەی دەستبەکاربوونی فەرمییەتی لە پۆستە نوێیەکەی.
ئەم گۆڕانکارییەی هەژمارەکەی مەزڵووم عەبدی دوای ئەوە هات کە ئەو هاونیشتمانییە بە فەرمانێکی سەرۆکایەتی وەک راوێژکاری سەرۆککۆماری سووریا دەستنیشانکرا، دوابەدوای جێبەجێکردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی هەسەدە و تێکەڵکردنی شەڕڤان و دامەزراوە ئەمنی و مەدەنییەکانیان لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا.
بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ، رۆژی سێشەممە، 25ی ئابی 2026 لەلایەن مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی ئەوکاتی هێزەکەوە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە کۆشکی کۆماری لە دیمەشق راگەیێندرا.
دوای لابردنی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵی 2024دا لەدەسەڵات، حکومەتی سووریا بە سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع رێککەوتنێکی لەگەڵ سەرکردایەتیی رۆژئاوای کوردستان کرد.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە رێککەوتی 10ی تشرینی یەکەمی 2015 وەک هاوپەیمانییەکی سەربازی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دامەزرا.
مەزڵووم عەبدی لە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی هێزەکەوە لە ساڵی 2015 بووە فەرماندەی گشتیی هەسەدە و بۆ نزیکەی 11 ساڵ لەم پۆستەدا مایەوە.
|