گەشتوگوزاری هەرێم نوسینی سەر تابلۆکان بە تەواوی دەکەنە کوردی
1 کاتژمێر پێش ئێستا
243 جار خوێنراوەتەوە
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بڕیاری بەکارهێنانی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی لە تابلۆ، پسوولە و مینیووی شوێنە گەشتیارییەکان پاشەکشەی لێ ناکرێت. دەشڵێت، هەر شوێنێک پابەند نەبێت، مۆڵەتەکەی بۆ نوێ ناکرێتەوە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند، بڕیاری سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بە کوردیکردنی تابلۆکان لە تەواوی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و هەموو ئەو بنکانەی مۆڵەتی گەشتیارییان هەیە، پابەندکراون بەم بڕیارە.
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاشکرای کرد، بۆ هەر بنکەیەکی نوێ، نووسینی کوردی لەسەر تابلۆ و مینیووی خزمەتگوزارییەکان مەرجی سەرەکییە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت. وتیشی: "بۆ ئەو شوێنانەشی پێشتر مۆڵەتیان هەبووە، لە کاتی نوێکردنەوەی ساڵانەدا ئەگەر تابلۆکانیان نەکردبێتە کوردی، مۆڵەتەکەیان بۆ نوێ ناکرێتەوە."
دەستەی گەشتوگوزار داوا لە هاووڵاتیان دەکات لەو هەڵمەتەدا هاوکار بن و جەختیکردەوە "هەر کەس چوو بۆ شوێنێکی گەشتیاری و بینی ناوی شوێنەکە یان مینیووەکەی بە کوردی نەنووسرابوو، با ئێمە یان بەڕێوەبەرایەتییەکانی گەشتوگوزار ئاگادار بکاتەوە تاوەکو تیمەکانمان بەدواداچوونی بۆ بکەن".
ئیبراهیم عەبدولمەجید وتیشی زمانی کوردی وەک زمانی یەکەم و سەرەکی لە کەرتی گەشتوگوزاردا جێگیر دەکرێت، چونکە وەک ئەو دەڵێت: "ئەمە پەیوەندیی بە زمانی دایک و ناسنامەی نەتەوەیی ئێمەوە هەیە و چاوپۆشی لە هیچ کەمتەرخەمییەک ناکەین".
|