٨٤ بوومەلەرزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویانداوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
231 جار خوێنراوەتەوە
دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ڕاپۆرتی مانگانەی خۆی سەبارەت بە بومەلەرزە و ڕووداوە سروشتییەکان لە مانگی ئابی ٢٠٢٦ بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە لە ماوەی ئەو مانگەدا ٨٤ بوومەلەرزە لە ناوخۆی وڵات و ناوچە سنوورییەکان تۆمار کراون، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ٤١ بوومەلەرزە لە ناوخۆی عێراق و ٤٣ بوومەلەرزەی دیکەش لە ناوچە سنوورییەکانی دراوسێ ڕوویان داوە و قووڵایی چەقەکەیان لە نێوان ٧ بۆ ٣٨ کیلۆمەتردا بووە.
لەسەر ئاستی ناوخۆ، زۆرترین چالاکی لە چوار پارێزگادا تۆمار کراوە، بە جۆرێک پارێزگای کەرکووک بە ٢٥ بوومەلەرزە لە پلەی یەکەمدا بووە، هەروەها سلێمانی بە ٩ بوومەلەرزە، دیالە بە ٦ بوومەلەرزە و هەولێر بە ١ بوومەلەرزە لە پلەکانی دووەم تا چوارەم هاتوون.
عەلی عەبدولخالق عەلی، بەڕێوەبەری بەشی دەستنیشانکردنی بوومەلەرزە، ئاماژەی بەوە کرد ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی کەرکووک لە کۆتایی تەممووز و سەرەتای ئابدا ڕووبەڕووی زنجیرەیەک بوومەلەرزە بوونەتەوە، بە شێوەیەک لە ماوەی چوار ڕۆژدا ٤٦ بوومەلەرزە تۆمار کراون کە هاوڵاتییان هەستیان پێ کردووە.
شارەزایانی دەستەکە هۆکاری چڕبوونەوەی ئەم چالاکییانەیان بۆ پێگەی جوگرافیی عێراق و جووڵەی پلێتی عەرەبی لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵات گەڕاندووەتەوە، لە کاتێکدا ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوای وڵات بە ئارامی ماونەتەوە.
|