کۆبوونەوەی فراکسیۆنە کوردییەکان لەهەولێر لەبارەی بودجە دواخرا
2 کاتژمێر پێش ئێستا
177 جار خوێنراوەتەوە
بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە، لە هەولێر، کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و ئەندامە کوردەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام کۆبوونەوەکە نەکرا.
گفتوگۆی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق بەردەوامە، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بڕیاربوو لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام بۆ کاتێکی دیکە دواخراوە.
موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای پارتی راگەیاند، "ئەو کۆبوونەوەیە بڕیاربوو سێشەممە بکرێت، بەڵام دواخراوە."
وتیشی، "کۆبوونەوەکە کۆتایی ئەم هەفتەیە، یان هەفتەی داهاتوو دەکرێت."
موسەننا ئەمین باسی لەوە کرد کە شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی پێی راگەیاندوون، کۆبوونەوەکە بەهۆی "هەندێک سەرنج و تێبینی" یەکێک لە لایەنەکان دواخراوە.
بڕیاربوو کۆبوونەوەکە لەسەر بودجەی 2027 بێت و وەزیرەکانی دارایی، پلاندانان، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو کۆبوونەوەیە بەشدار بن.
بۆ یەکەمجار لە عێراق، شێوازی بودجەی بەرنامە و ئەنجام پەیڕەو دەکرێ، کە خەرجییەکان بەگوێرەی سێکتەر جیا دەکاتەوە، نەوەک وەزارەتەکان. هەر سێکتەرێک خەرجی بۆ تەرخان دەکرێ و وابەستەی ئەنجامەکانی دەکرێ، کە دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا جێبەجێ بکرێ.
بەگوێرەی حکومەتی عێراق، بڕیارە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتییەکە رەوانەی پەرلەمان بکرێ.
|