یەكەمین بانكی جینی رووەكیی لەسلێمانی کرایەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
205 جار خوێنراوەتەوە
یەكەمین بانكی جینی رووەكیی لەسلێمانی كرایەوە،و قوباد تاڵەبانی دەڵێت خۆشحاڵ بووم ئەمڕۆ ئەم پرۆژە گرنگە نیشتمانییەمان لە سلێمانی کردەوە، وەزیری كشتوكاڵیش رایگەیاند: بانكی جینی رووەكیی هەزاران هەلی كاری ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێنێت و بۆ چەندین سێكتەری جیاواز گرنگە.
بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم، یەكەمین بانكی جینی رووەكیی لەپاركی هەواری شار لەسلێمانی كرایەوەو بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵی هەرێم رایگەیاند: هیوادارین بتوانین لەداهاتوودا پڕۆژەی باشتر و گەورەتر لەپارێزگای سلێمانی بكەینەوە، چونكە بەكردنەوەی بانكی جینی رووەكیی و پڕۆژەی لەمجۆرە هەزاران هەلی كاری ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێندرێت.
راشیگەیاند: بانكی جینی رووەكی بۆ چەندین سێكتەری جیاواز گرنگە و دەتوانێت چەندین بنەتۆوی جیاوازی ئاست بەرز بۆ جوتیاران دابین بكات، چونكە ئەم بانكە لەگەڵ ناوەندە زانستییەكان كار لەسەر روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییە ژینگەییەكان دەكات.
هاوكات د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: سنووری پارێزگای سلێمانی 600 جۆر رووەكی تێدایە، كە لە هەموو جیهان بەس لەسلێمانی هەن، بۆیە بۆ كردنەوەی بانكی جینی رووەكی، شوێنێكی گونجاو هەڵبژێردراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: بەپێی بەرنامەی یەكێتی ئەوروپا، لەساڵی 2027 بۆ 2035 سلێمانی دەبێت بە سەرچاوەی سەبەتەی خۆراكی عیراق و دەچێتە سەر رێڕەوی تازەی بازرگانی.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند جین بانک یەکێکە لە گرنگترین پرۆژە نیشتمانییەکانی کوردستان و عێراق، کە جگە لەوەی هەموو جۆرە رووەکێکی کوردستان و ناوچەکە لە مەترسی لەناوچوون دەپارێزێت، کار لەسەر پەرەپێدانی نەوەی نوێی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەکات و سەدان هەلی کاریش بۆ پسپۆڕانی بوارەکە دابین دەکات.
وتیشی خۆشحاڵ بووم ئەمڕۆ ئەم پرۆژە گرنگە نیشتمانییەمان لە سلێمانی کردەوە. سوپاس بۆ هاوکارییەکانی یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوی فاو و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی.
|