دادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵاى رێباز حەملان دژ بە پەرلەمان رەتدەکاتەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
279 جار خوێنراوەتەوە
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵای رێباز حەملان، کاندیدی پێشووی پارتی بۆ پۆستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراقی رەتکردەوە، کە تانەی لە رێکارەکانی دەنگدانی پەرلەمان دابوو کە بەهۆیەوە وەک بەربژێری ئەو وەزارەتە رەتکرایەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئابی 2026 دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی ئەو سکاڵایەی رێباز حەملان ئەنجامدرا.
دادگای باڵای فیدراڵی لە ئەنجامی دانیشتنەکەدا نووسیویەتی: "سکاڵای سکاڵاکارەکە رەتکرایەوە". بەبێ ئەوەى ئاماژە بە هۆکارى رەتکردنەوەکە بدات.
رێباز حەملان کە کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بۆ ئەو پۆستە، لە سکاڵاکەیدا داوای لە دادگەی فیدراڵی کردبوو رێکارەکانی دەنگدان و ئەو ئەنجامانەی لەلایەن پەرلەمانەوە راگەیێندراون بە نادروست دابنرێن و لەناو پەرلەمان دەنگدان بکرێتەوە؛ هەروەها داوای کردبوو تۆماری تەواوی کۆبوونەوەی پەرلەمانیان پێبدرێت، کە تێیدا دەنگدانەکە کراوە.
عامر خوزاعی، کە کاندیدی پۆستی وەزارەتی خوێندنی باڵا بوو، سکاڵاکەی لەدژی رەتکردنەوەی لە پەرلەمان کشاندەوە کە دەبوو ئەمڕۆ تاوتوێ بکرێت.
14ی ئایار لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر 14 کاندیدی کابینەی حکومەت درا، کاندیدی 9 وەزارەت ماون، کاندیدی چوار وەزارەت لە دەنگداندا رەتکراونەتەوە و متمانەیان وەرنەگرت.
|