پەیامی پارتی لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی سەر هەرێمی کوردستان

1     کاتژمێر پێش ئێستا  214 جار خوێنراوەتەوە

پارتی هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران بە کردەوەیەکی "تێکدەرانە" ناودەبات و دەڵێت ئەم رەفتارانە لە بەرژەوەندیى هیچ لایەک نابینن.

ڕاگەیاندراوێک لە مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە:

لەکاتێکدا هەموولایەک چاوەڕوانى ئەوەبوون دەست بۆ ئەمنیەت و سەقامگیريی عێراق و هەرێمى کوردستان نەبرێت و پارێزراو بێت، بەتایبەتى کە تەواوى هەوڵەکانى هەرێمى کوردستان دوورخستنەوەى هەرێم و عێراقە لە تێوەگلان لە کێشە و گرژییەکانى ناوچەکە و، هەرگیز هەرێم بەشێک نەبووە و نیە لەشەڕ و ئاڵۆزییەکان، بەداخەوە شەوى ڕابردوو لە رێگاى دوو دڕۆنەوە نووسینگەى بەرێز (مەسرور بارزانى) سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و شوێنى بەڕێوەبەرى ئاژانسى پاراستن بە ئامانج گیران.

ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان زۆر بەتوندى ئەم کردەوە تێکدەرانەیە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین و، ئەو ڕەفتارانە لە بەرژەوەندى هیچ لایەک نابینین و مەترسیدارن لەسەر پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکەن.

لێرەدا بەڕوونى جەخت دەکەینەوە کە ئەرکى سەرشانى حکومەتى فیدراڵى عێراقە لەسەر ئەم پرسە بە جدى بێتە دەنگ و ڕێگا لەم هێرش و پێشێلکاریانە بگرێت، هەروەها لە زوترین کاتدا بە ڕێگاى گونجاو بەرەنگارى ئەو جۆرە دەستدرێژیانە ببێتەوە.

مەکتەبى سیاسیى
پارتى دیموکراتى کوردستان
١٧ى ئابى ٢٠٢٦


   ئەمانەش بخوێنەرەوە