مەسرور بارزانی: بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم هێرشە قبووڵنەکراوانە دەکەم

1     کاتژمێر پێش ئێستا  32 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی دژەتیرۆری کوردستان، نووسینگەی تایبەتی ئەو و ماڵی سەرۆکی دەزگای ئاسایش و هەواڵگری بە درۆنی ئێرانی کراونەتە ئامانج و جەخت دەکاتەوە: "ئەمە پەرەسەندنێکی مەترسیدارە."

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکانی سەر نووسینگەکەی رایگەیاند: "دوای لێکۆڵینەوەیەکی دژەتیرۆری کوردستان، دەرکەوتووە ئەمڕۆ نووسینگەی تایبەتم و ماڵی سەرۆکی دەزگای ئاسایش و هەواڵگری بە هێرشی درۆنی ئێرانی کرانە ئامانج."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو "هێرشە بێباکانە و قبووڵنەکراوانە" دەکات و رایدەگەیێنێت: "ئەمە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان."

مەسرور بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو جۆرە هێرشانە کاریگەرییان لەسەر ئیرادەیان نابێت و دەڵێت: "ئەم هێرشانە نامانوەستێنن لە راپەڕاندنی ئەرکەکانمان و پاراستنی هاونیشتمانیانمان."

پێشتر دژەتیرۆری کوردستان لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17ی ئابی 2026، لە کاتژمێر 00:28، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە."

دەشڵێت: "ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەین و بەهیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین، تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە."

هاوکات دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند، بە توندی ئیدانە و سەركۆنەی ئەو پەلامارە درۆنییە تێکدەرانەیە دەکات.

دەستەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەرەڕای ئەوەی خۆشبەختانە ئەم هەوڵە تێکدەرانەیە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتەوە، بەڵام دووپاتی دەکەینەوە کە پاراستنی ئاسایش و ژیانی هاوڵاتیان مافێکی بنەڕەتییە و ناکرێت بە هیچ پاساوێک خاکی هەرێمی کوردستان بکرێتە گۆڕەپانی پەلامار و پەیامی سەربازی".

حەدید 110 خێراترین درۆنی ئێرانییە، خێراییەکەی دەگاتە 510 کم/کاژێر و بزوێنەرەکەی لە جۆری تۆربۆیە. 

درۆنەکە دەتوانێت لە بەرزایی تاوەکو 9 کیلۆمەتر بۆ یەک کاژێر بفڕێ و 350 کم دوور بڕوات. هاوکات، 30 کگم تەقەمەنی هەڵدەگرێ و بۆ ئەوە دروستکراوە خێرا ئاسمانی لایەنی بەرامبەر ببڕێت پێش ئەوەی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی بیدۆزنەوە. 

بۆ بەئامانجکردنی ئەمانە دروست کراوە: رادار، پێگە هەستیارەکان، ناوەندی فەرماندەیی و ژێرخانی گرنگ. 

یەکەم جار کە سوپای پاسداران بەکاریهێنا لە ئاداری 2026 لە جەنگی بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکا بوو.

ئێران بە فەرمی تێچووەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام مەزەندە دەکرێ 20 هەزار بۆ 50 هەزار دۆلاردا بێت. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە