لەم مانگەدا بەهۆی خراپیی بەنزین 23 ئۆتۆمبێل سووتاون و 20 بەنزینخانە داخران
54 خولەک پێش ئێستا
138 جار خوێنراوەتەوە
خراپیی کوالێتیی بەنزین لە هەولێر کێشەی گەورەی بۆ شوفێران دروستکردووە و بازاڕی فیتەرەکانی گەرمکردووە. تەنیا لەم مانگەدا 23 ئۆتۆمبێل سووتاون بەشێکی هۆکارەکەی بۆ خراپیی بەنزین دەگەڕێتەوە، هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا 20 بەنزینخانەیان داخستووە.
کێشەی بەنزین تەنیا خراپبوونی ئۆتۆمبێل نییە، بەڵکو مەترسیی سووتانیشی لێکەوتووەتەوە. بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر، تەنیا لەم مانگەدا 23 ئۆتۆمبێل سووتاون بەشێکی هۆکارەکەی بۆ خراپیی بەنزین دەگەڕێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی سوتەمەنیی هەولێر رایگەیاندووە، لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا 20 بەنزینخانەیان بەهۆی فێڵکردن و فرۆشتنی بەنزینی نۆرماڵ بە ناوی بەنزینی سوپەر و محسەنەوە داخستووە.
محەممەد عیماد، 12 ساڵە لە هەولێر فیتەرە، ئاماژە بەوە دەکات لە دەستپێکی کارییەوە تا ئێستا بەهۆی خراپیی بەنزینەوە ئەوەندە سەرگەرم نەبووە. ئەو رۆژانە فیولپەمپی نزیکەی 10 ئۆتۆمبێل دەگۆڕێت بەهۆی بەنزینی خراپەوە سووتاون.
ئەو فیتەرە بە ئاماژەدان بۆ کۆمەڵێک فیولپەمپی سووتاو وتی: "ئەمانە هەمووی هی ئەم مانگەیە گۆڕیومە. لە سایەی ئەم بەنزینە خراپەوە تەنیا 3 ملیۆن دینار قازانجم کردووە."
لە ناوچە پیشەسازی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل لە هەولێر، دیمەنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەهۆی خراپیی کوالێتیی بەنزینەوە پەکیان کەوتووە بووەتە دیاردە.
|