قالیباف: ئەمریکا خۆیشی نازانێت دەیەوێت چی لە ناوچەکە بکات

4   کاتژمێر پێش ئێستا  52 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕەخنەی تووند لە سیاسەتەکانی ئەمریکا دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت، واشنتن لە لایەک باسی ئاشتی دەکات و لە لایەکی دیکەشەوە کەرەستەی سەربازی ڕەوانەی ناوچەکە دەکات.

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس ڕەخنەی تووندی لە هەڵسوکەوتەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرت.

قالیباف ئاماژەی بەوە کرد کە ڕەفتارەکانی ئەمریکا یەکلانەکراوەیە، چونکە لە کاتێکدا بەردەوامە لە ڕەوانەکردنی کەرەستەی سەربازیی نوێ بۆ ناوچەکە، لە هەمان کاتیشدا باس لە هەوڵدان بۆ وەستاندنی شەڕ دەکات.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران پێی وایە ئەمریکا بەپێی ئاستی تێگەیشتن و زیرەکیی خۆی، هەڵسەنگاندن بۆ زیرەکیی لایەنی بەرامبەر دەکات. هاوکات جەختی لەوە کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران شارەزایی تەواوی لە ناسینی ئەو جۆرە ڕەفتارانەدا پەیدا کردووە و بەتەواوی ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە سیاسەتانە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، قالیباف پەیامێکی ئاراستەی واشنتن کرد و داوای کرد کە پێویستە ئەمریکا قسە و کرداری یەک بێت و خۆی یەکلا بکاتەوە؛ یان بە یەکجاری داوای ئاشتی و دوورکەوتنەوە لە شەڕ بکات، یان بڕیاری دەستپێکردنی جەنگ بدات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە