ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان دەکات

3   کاتژمێر پێش ئێستا  203 جار خوێنراوەتەوە

بنکە سەربازی و ڕادارەکانی ئێران لە پارێزگاکانی ئیلام و سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بۆردوومان کران و زیانی ماددیی بەرچاویان لێ کەوتەوە.

بەهزاد نوورمحەممەدی، قایمقامی ئاودانان ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا بە دوو مووشەک بەرزاییەکانی "دینارکێو"یان پێکاوە و دامەزراوەکانی ئەو ناوچەیەیان کردووەتە ئامانج. هاوکات، سەرچاوەیەک لە شاری بانەوە بە میدیاکانی ڕاگەیاند، لە دوو شەوی ڕابردوودا دوو بنکەی سەربازی کراونەتە ئامانج؛ یەکێکیان بنکەیەکی گرنگی ڕادارە لە شاخی "وەزەنێ" لە نزیک گوندی ساوان، کە بە سەختی پێکراوە و تاوەکو درەنگانی شەو سووتاوە.

ئەو شوێنانەی لە سنووری شاری بانە کراونەتە ئامانج، ناوەندی سەرەکیی ڕادارەکانی سوپای پاسداران و سوپای ئێرانن، هەروەها تاوەرەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێتی ناوچەکەیان لێ جێگیر کراوە. جگە لە وەزەنێ، کێوی گاکڕ یش لە گوندی بڵەسەن کە بنکەیەکی دیکەی ڕاداری لێیە، بۆردوومان کراوە.

لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئێرانەوە، ئەو شوێنانەی لە بانە و ئیلام بۆردوومان کراون چەندین جار کراونەتە ئامانج. لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییەشەوە، بەرپرسانی ئاودانان لە پارێزگای ئیلام جەخت دەکەنەوە کە هێرشە مووشەکییەکەی سەر دینارکێو تەنیا زیانی ماددی هەبووە و هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە