نۆ باڵەخانە و سێ کارگەی عەدنان جومەیلی دەستی بەسەردا گیرا
2 کاتژمێر پێش ئێستا
41 جار خوێنراوەتەوە
لە نەینەوا دەست بەسەر 9 باڵەخانەی بازرگانی و سێ کارگەدا گیرا لە چوارچێوەی دۆسیەی گەندەڵیی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن کە بەهاکانیان بە زیاتر لە 69 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند: دادگەی لێکۆڵینەوەی نەینەوا کە تایبەتە بە دۆسیەکانی گەندەڵی، بڕیاری داوە دەست بەسەر 9 باڵەخانەی بازرگانی و سێ کارگەی بەرهەمهێنانی ئاردا بگرێت لە چوارچێوەی دۆسیەکەی عەدنان جومەیلی و ئەو کەسانەی دیکە کە تێوەگلاوی دۆسیەکەن؛ بەهای باڵەخانەکان بە 45 ملیار دینار و کارگەکانیش بە 24 ملیار دینار خەمڵێندراون، پاسەوان بۆ ئەو موڵکانە دانراون بۆ پاراستنیان تاوەکو لە کارکردن بەردەوام بن و سەرجەم داهاتەکانیان وەربگیرێت.
لە 30ـی ئایار، عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا.
زۆرینەی ئەو تۆمەتە گەندەڵییانەی ئاراستەی کراون پەیوەندیدارن بە گرێبەستەکانی کەرتی پاڵاوگە حکوومی و تایبەتەکان.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی رایگەیاند کە دەست گیراوە بەسەر حەوت باڵەخانەی نوێدا کە نرخی هەر یەکێکیان 200 هەزار دۆلارە و رێکارەکانیشیان بۆ بەدواداچوونی تۆمەتبارە هەڵاتووەکان بەردەوامە.
راگەیاندنی دەستبەسەرداگرتنی ئەو موڵکانە لە نەینەوا، هاوکاتی رۆژی رادەستکردنی 358 کیلۆگرام زێڕ بووە بە هاوئاهەنگیی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دۆسیەی عەدنان جومەیلی، کە درانە بانکی ناوەندیی عێراق.
|