یەکێتیی مامۆستایان لەبارەی دواکەوتنی زیاتری مووچە هۆشداری دەدات

1     کاتژمێر پێش ئێستا  105 جار خوێنراوەتەوە

یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان نیگەرانیی خۆی لە دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە دەربڕی و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بە شێوەیەکی فەرمی مامۆستایان و فەرمانبەران لە چارەنووسی شایستە داراییەکانیان دڵنیا بکاتەوە.

لەبارەی ماوەی دواکەوتنی مووچەکەوە، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان باسی لەوەكردووە، ماوەی 45 ڕۆژە هیچ مووچەیەک دابەش نەکراوە.

داواشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد زانیاریی ڕوون و دڵنیابەخش لەبارەی هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بخاتە ڕوو، بۆ ئەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان لە ڕاستیی دۆخەکە تێبگەن و لە ناو چاوەڕوانییەکی نادیاردا نەمێننەوە.

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان ئاماژەی بە ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ئەم بابەتە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی مافی مووچە و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ فەرمانبەران و خێزانەکانیان پێویستییەکی سەرەکی و بنەڕەتییە.

دووپاتی کردەوە کە دابینکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا، متمانەی نێوان هاووڵاتیان و حکومەت بەهێزتر دەکات و دەبێتە پاڵنەرێکی سەرەکی بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بتوانێت بەسەر ئەم قۆناغە دژوارە ئابوورییەدا زاڵ بێت.

ئەم داواکارییە لە کاتێکدایە بەغدا بەدەست کێشەی نەختینەییەوە (سیولە) دەناڵێنێت؛ هەرچەندە فەرمانبەرانی هەرێم بەر لە جەژنی قوربان مووچەی مانگی پێنج (ئایار)ـیان وەرگرتووە، بەڵام تا ئێستا مووچەی مانگی شەش (حوزەیران) لە بەغدادەوە ڕەوانە نەکراوە، سەرەڕای ئەوەی فالح ساری، وەزیری دارایی فیدراڵ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان جەختی لەسەر پابەندیی حکومەت بە خەرجکردنی مووچە کردووەتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە