لە مانگێکدا هەزاران کەس لە ئەورووپا بەهۆی گەرماوە مردوون

1     کاتژمێر پێش ئێستا  173 جار خوێنراوەتەوە

شەپۆلێکی گەرمای بەهێز لە کیشوەری ئەورووپا، لە ماوەی تەنها یەک مانگدا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران هاووڵاتی لە وڵاتر جیاوازەکانی ئەوروپادا.

بەپێی ڕاپۆرتی مانگانەی خزمەتگوزاری “کۆپەرنیکۆس” بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦ لەسەر ئاستی جیهانیش بووەتە دووەم گەرمترین مانگی حوزەیران لە مێژوودا، لە هەمان کاتدا بەرزترین پلەی گەرمی ڕووی دەریاکانیش لەم مانگەدا تۆمارکراوە لەو کاتەوەی کە داتاکانی کەشوهەوا دەست بە تۆمارکردنیان کراوە.

وەک میدیا ئەورووپییەکان بڵاویانکردووەتەوە، ئەم ژمارە پێوانەییە کتوپڕە، زەنگێکی مەترسیی جددییە لەسەر کاریگەرییە توندەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە ئەورووپا.

ئاماژە بەوەشکراوە زۆربەی قوربانییەکان تەمەنیان لە سەرووی ٦٥ ساڵەوەیە، بەتایبەت ئەو کەسانەی پێشتر بەدەست نەخۆشییەکانی دڵ، کۆئەندامی هەناسە و شەکرەوە دەیانناڵاند. هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی قوربانییەکانیش بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ئاستی پێوانەیی و نەبوونی سیستمی ساردکەرەوەی گونجاو لە زۆربەی ماڵ و نەخۆشخانەکاندا دەگەڕێتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەی کۆپەرنیکۆسدا ئەوەش خراوەتەڕوو، تێکڕای پلەی گەرمی لە ڕۆژئاوای ئەورووپا گەیشتووەتە ٢٠.٧٤ پلەی سیلیزی، ئەوەش زیاتر لە ٣ پلەی سیلیزی بەرزترە لە تێکڕای پلەکانی گەرمی نێوان ساڵانی ١٩٩١ بۆ ٢٠٢٠.

لەلایەکی دیکەوە، دەسەڵاتدارانی وڵاتانی فەڕەنسا، بەلجیکا، ئیسپانیا و هۆڵەندا زیاتر لە ٤,٧٠٠ حاڵەتی دیکەی گیانلەدەستدانیان لە ماوەی شەپۆلەکەی مانگی حوزەیراندا تۆمارکردووە، بەوەش کۆی گشتیی گیانلەدەستدانەکان نزیک دەبێتەوە لە ١٠ هەزار کەس و پێشبینیش دەکرێت ئاماری کۆتایی لە وڵاتانی دیکەی کیشوەرەکە هێشتا لەمە بەرزتر بێت، لەو ژمارەیەش نزیکەی پێنج هەزاریان خەڵکی ئەڵمانیان.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە