لەبارەی گۆڕینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار زانیاری نوێ ئاشکرا دەکرێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا
40 جار خوێنراوەتەوە
ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، گۆڕینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە دەسەڵاتی بانکی ناوەندییە، بەڵام ئەو گۆڕانکارییانەی لەدوای 2004ـەوە کراون، بە راوێژ بووە لەگەڵ حكومەت و وەزارەتی دارایی و پەرلەمان.
پرسی گۆڕینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە کۆبوونەوەی 7ـی تەممووزی لیژنەی دارایی پەرلەمان لەگەڵ فالح سارى، وەزیری دارایی عێراق باسکرا.
بەگوێرەی زانیاریی میدیاکان، لەو کۆبوونەوەیەدا پرسیار لە وەزیری دارایی کراوە لەبارەی ئەگەری دەستکاریکردنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، وتوویەتی: "ئەو پرسە پەیوەندیی بە منەوە نییە."
بەهای فەرمیی دینار بەرامبەر بە دۆلار لە بانکی ناوەندی 1300 دینارە کە لە یاسای 2023ـی عێراق جێگیرکراوە.
عومەر کۆچەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاندووە: بەگوێرەی یاسا، دەستکاریکردنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە دەسەڵاتی بانکی ناوەندییە.
بەگوێرەی یاسای بانکی ناوەندیی عێراق کە لە 2004 دەرکراوە، ئەو بانکە تەنیا لایەنی بەرپرسە لە دیاریکردن و جێبەجێکردنی سیاسەتی دارایی، بە دیاریکردنی بەهای دیناریشەوە.
لەدوای ساڵی 2004 دوو جار گۆڕانکاری لە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە عێراق کراوە؛ ساڵی 2020 بەهای فەرمیی 100 دۆلار لە بانکی ناوەندی لە 145 هەزار دینارەوە گۆڕدرا بۆ 118 هەزار دینار، لە ساڵی 2023 گۆڕانکاریی تێدا کرایەوە و بوو بە 130 هەزار دینار.
عومەر کۆچەر رایگەیاند، ئەو دوو جارەی دەستکاریکردنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار کراوە، بە هاوئاهەنگیی بانکی ناوەندی بووە لەگەڵ حکومەت، وەزارەتی دارایی و پەرلەمان.
|