سەرۆک کۆمار: پارتی و یەکێتی حکومەت پێکبهێنن و پەرلەمان کارا بکەنەوە

3   کاتژمێر پێش ئێستا  143 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆک کۆماری عێراق داوا لە پارتی و یەکێتی دەکات حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پێکبهێنن و دەشڵێت کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەپێی یاسای بودجە و لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا چارەسەر دەکرێت.

نزار ئامیدی، سەرۆک کۆمار لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا داوای لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد کە ڕێکبکەون و حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پێکبهێنن و پەرلەمانیش کارا بکەنەوە.

ڕاشیگەیاند، کێشەی ئێستای هەرێمی کوردستان پێکنەهێنانی حکومەت و کارانەکردنەوەی پەرلەمانە، هەندێک ناڕێکیش لە پەیوەندییەکانی نیوان بەغدا و هەولێردا هەیە و دەستووریش پارێزەری ئەو پەیوەندییانەیە.

جەختیشیکردەوە کە کێشە داراییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە ڕێی یاسای بودجە و لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە چارەسەر دەکرێن و گرنگیی دەرکردنی یاسای نەوت و غازیشی دووپات کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، سەرۆک کۆمار باسی لە ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان بەغدا و تاران کرد و ڕایگەیاند، بەردەوامین لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ئەمنییەکە لەگەڵ ئێران سەبارەت بە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و کۆتاییهێنان بە هەر هەڕەشەیەک کە لە عێراقەوە بکرێتە سەر ئێران.

دەربارەی تورکیاش نزار ئامێدی ڕایگەیاند، دۆسیەی پارتی کرێکارانی کوردستان ئاڵۆز و بەیەکداچووە و بە ڕێگەی سەربازیی کۆتایی نایەت، لە ئاستی باڵاشدا هەماهەنگییەک لەگەڵ تورکیادا هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەیە پەکەکە و شنگال، ئەم بابەتەش پێویستی بە لێزانی و ئارامگرتن هەیە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە