د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد بۆ هەتا هەتایە دوورخرایەوە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  52 جار خوێنراوەتەوە

بە بڕیاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد (سەلەفی) بە یەکجاری وەکو مامۆستای زانکۆ دوورخرایەوە.

بە گوێرەی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتەکە کە د. ئارام محەممەد قادر بە رەنگی سوور واژۆی کردووە، بڕیاردراوە بە سزای دووخستنەوەی هەمیشەیی (العزل) بۆ (د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد مستەفا) کە مامۆستای کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانە لە زانکۆی سلێمانی.

نووسراوەکە، ئاماژە بە نووسراوی سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی ژمارە 890/21 لە رێککەوتی 24-06-2026 کردووە کە تێیدای هاتووە، "دوا بەدوای نووسراومان ژمارە 1335 لە رێککەوتی 28-06-2026، هەروەها ئاماژە بە نووسراوی دووەمی زانکۆی سلێمانی ژمارە 934/28 لە رێککەوتی 01-07-2026 تایبەت بە ئەنجامی لێژنەی لێکۆڵینەوەی کەیسی عەبدوللـەتیف ئەحمەد مستەفا، مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان/ زانکۆی سلێمانی، کە بە فەرمانی زانکۆی ژمارە 865/24 لە رێککەوتی 18-06-2026 پێکهێندراوە و بە ئامادەبوونی نوێنەری داواکاری گشتی، پاڵپشت بە مادەی 4 برگەی 8 و 9 لە یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە 14ی ساڵی 1991."

سزای (العزل) چییە؟

د. رێبوار محەممەد، سەرۆکی بەشی یاسا لە زانکۆی گەرمیان، لەبارەی ئەو سزاوە بە رووداوی راگەیاندووە: " فەرمانە وەزارییەکە پشتی بە مادەی (4/ بڕگەی 8 و 9) لە یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (14)ی ساڵی 1991ی هەموارکراو بەستووە، لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەی بە وەزیر دراوە.

سزای (العزل) دوورخستنەوەی یەکجاری، کە بەسەر (د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد)دا سەپێندراوە، بەپێی مادەی یاسایی ئاماژەپێکراو (مادەی 8/ بڕگەی 8) بەم شێوازە دەبێت:

1. دوورخستنەوە لە کار: فەرمانبەرەکە بە تەواوی لە کارەکەی (کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سلێمانی) لادەدرێت و پێگەی وەک مامۆستای زانکۆ نامێنێت.

2. قەدەخەی دامەزراندنەوە: کەسی سزادراو بەم مادەیە، بۆ هەمیشە (یاخود بۆ ماوەیەکی درێژی یاسایی بەپێی جۆری سەرپێچییەکە) مافی دامەزراندنەوەی لە هیچ دامەزراوەیەکی دیکەی حکومیدا نابێت.

د. عەبدولـلەتیف دەتوانێ خانەنشین ببێ؟

د. رێبوار محەممەد، سەرۆکی بەشی یاسا لە زانکۆی گەرمیان وتی: هەر فەرمانبەرێک عەزل بکرێ، ناتوانێ پلەی وەزیفی وەربگرێتەوە، بەڵام بە گوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، دەکرێ خانەنشین ببێ، ئەویش بە دوو مەرج:

یەکەم: تەمەنی لە 50 ساڵ زیاتر بێ
دووەم: خزمەتی لە 20 ساڵ زیاتر بێ

د. عەبدولـلەتیف بە چی تۆمەتبار کراوە؟

تۆمەتەکانی سەر د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد لەلایەن چەند خوێندکارانی کۆلێژەکەی خۆیەوە بووە لە زانکۆی سلێمانی، کە دەڵێن، لە رێگەی مۆبایلەوە "وێنەی نەشیاوی بۆ ناردوون و قسەی نەشیاوی" لەگەڵدا کردوون.

بەڵام تاوەکو ئەمڕۆش د.عەبدوللـەتیف ئەحمەد هەموو تۆمەتەکان رەت دەکاتەوە و بە ناڕاستیان دەزانێ.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە