بە بێ دەوام کردن هەر پەرلەمانتارێک 110 ملیۆن دیناری وەرگرتووە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
9 جار خوێنراوەتەوە
لە ئەمڕۆوە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە پشووی وەرزی هاوینەوە، ئەو پەرلەمانەی تەنیا سوێندی یاسایی خواردووە و هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە و تا ئێستاش زیاتر لە ١١ ملیار دیناریان وەرگرتووە بێ ئەوەی هیچ سودێکی هەبوو بێت.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پشووی هاوینەی پەرلەمان دەست پێدەکات، ئەگەر پەرلەمان کارا بووایە ئەمڕۆ پێنجەم پشووییان دەبوو لەو ساڵ و هەشت مانگەدا، واتە پێنج جار پشوویان وەردەگرت، چونکە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ چوار مانگ دەوام دەکەن و دوو مانگیش پشوو وەردەگرن.
پەرلەمانتارانی هەرێم لە هەر پشوودا بوون و هیچ چالاکییەکیان نەبووە، بۆیە ئەمڕۆ پەرلەمانتاران لە پشووەوە دەچنە پشوویەکی ترەوە، لەو ٢٠ مانگەدا هیچ سوودێکیان بۆ هاووڵاتییان نەبووە و کێشەیەکی بچوکی خەڵکیشیان چارەسەر نەکردووە، نەشبوونەتە چاودێر بەسەر حکومەتی کاربەڕێکەرەوە.
لە ماوەی ئەو ٢٠ مانگەدا پەرلەمانتاران ١٦ مووچەیان وەرگرتووە کە مووچەی مانگانەیان هەشت ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دینارە.
پەرلەمانتارانی ئەم خولەی ئێستای پەرلەمانی هەرێم ١٥ مووچەیان وەرگرتووە، ١٠ مووچەی ساڵی ڕابردوو پێنج مووچەی ئەمساڵیش، بەو پێیەش لەو ٢٠ مانگەدا هەر لە پەرلەمانتارێک ١٠٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دیناریان وەرگرتووە، ئەگەر مووچەی مانگی ٦ـی ئەمساڵیش وەربگرن زیاتر ١١٠ ملیۆن دینار دەکات.
ئێستا کە پەرلەمانتارانی هەرێم دەچنە پشووی هاوینەوە و هیچ کارو چالاکییەکیشیان نییە، ڕەوایەتی پەرلەمانی هەرێم دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە کە چۆن پەرلەمانێک کە هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە و هیچ ئەرک و ڕۆلێکی نەبووە زیاتر لە ١١ ملیار دینایان لەسەر بودجەی گشتیی و حسابی خەڵکی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ کراوە و لە ١٢ـی شوباتی ٢٠٢٥ یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کردووە لەو کاتەوە کە نزیکەی ٢٠ مانگ دەکات، کۆبوونەوەکەش تەنیا بۆ سوێندخواردنی ئەندامەکانی بووە، لە دوای ئەوە تا ئێستا پەرلەمان هیچ کۆبوونەوەیەکی تری نەکردووە.
|