بەغدا بۆچی هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان دەدات؟
1 کاتژمێر پێش ئێستا
20 جار خوێنراوەتەوە
بەغدا جەخت لە چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان لەگەڵ هەولێر دەکاتەوە و وتەبێژی حکومەتی عێراقیش دەڵێت: “پەرۆشیمان بۆ خەڵکی بەغدا و بەسڕە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ پەرۆشیمان بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان نییە”.
حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پرسە داراییەکان ڕایگەیاند، یاسای بوودجە و ئەو یاسایانەی لە دەستوورەوە سەرچاوە دەگرن (تەنانەت خودی دەستووریش)، هەموویان پێکەوە دەروازەیەکی بەردەوامن بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و پارێزگاکانی دیکەی عێراق و حکومەتە خۆجێییەکانیاندا.
عەبودی ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتەکەی عەلی زەیدی بەدوای هێنانەدی هەموو ئەو شتانەوەیە کە بەرژەوەندی گشتی و گشتگیری گەلی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دەستەبەر دەکات، چ ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان دەژین و چ ئەوانەی لە هەر شوێنێکی دیکەی خاکی عێراقن.
جەختیشی کردەوە کە “پەرۆشی حکومەت بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیانی بەغدا، بەسڕە، کەرکووک، یان ئەنبار هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ پەرۆشی بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیانی کوردی بەڕێزمان لە هەرێم، ئەمەش لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە بەرامبەر بە سەرجەم عێراقییەکان”.
ڕاشیگەیاند، هەنگاوی حکومەت بۆ پاڵپشتیکردنی سەرلەنوێ کارکردنەوەی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی گرێبەستیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، بەشێکە لە ئاڕاستە گشتییەکە کە ئامانج لێی چارەسەرکردنی دۆسیە کارگێڕی و داراییە هەڵپەسێردراوەکانە لەگەڵ حکومەتی هەرێم، هەروەها یەکلاکردنەوەی ئەو کێشانەی پەیوەستن پێیانەوە بە شێوازێک کە لەگەڵ دەستوور و یاسادا بگونجێت.
عەبودی ئەوەشی خستەڕوو، لە چەقی ئەم ئاڕاستەیەدا؛ کارکردن بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە داراییەکان و ڕاستکردنەوەی بارودۆخە پەیوەندیدارەکان هەیە، ئەمەش بەگوێرەی پێداویستییەکانی حوکمڕانیی مامەڵە حکومییەکان.
ڕوونیشیکردەوە کە هاوکات کار دەکرێت بۆ داڕشتنی بنەمای دیجیتاڵی متمانەپێکراو کە بخرێتە ژێر پێوەرەکانی گشتگیریی داراییەوە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکانیان، بە شێوازێک کە شەفافییەت بەهێز بکات و ڕێکخستنی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم لەسەر بنەمایەکی یاسایی و کارگێڕی دروست جێگیر بکات.
|