لە بەغدا 12 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران
1 کاتژمێر پێش ئێستا
45 جار خوێنراوەتەوە
هەواڵگریی سەربازیی عێراق، 12 تۆمەتباری بە بازرگانیکردن و بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر لە چەند ناوچەیەکی شاری بەغدا دەستگیرکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی زۆر ورد و دانانی چەندین بازگەی کتوپڕ، هێزەکانیان بە هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکانی دیکە توانیویانە 12 بازرگان و برەودەری ماددەی هۆشبەر لە ناوچە جیاوازەکانی پایتەخت دەستبەسەر بکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ئەنجامدراون و هێزەکانیان بەردەوامن لە گۆڕینەوەی زانیاری و هەماهەنگیی چڕ لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا. لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا دەست بەسەر بڕێک لە ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گیراوە.
سەرجەم تۆمەتبارەکان لەگەڵ ئەو ماددە هۆشبەرانەی پێیان بووە، بە شێوەیەکی فەرمی و یاسایی ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لە دژیان.
|