عەلی زەیدی و تۆم باراک رێککەوتنی گەورەی ئەمنی و ئابوورییان راگەیاند
1 کاتژمێر پێش ئێستا
51 جار خوێنراوەتەوە
عەلی زەیدی و تۆم باراک کۆبوونەوە، هەردوولا لەسەر پێویستیی پەلەکردن بۆ داماڵینی تەواوەتیی چەک و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت رێککەوتوون و راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە
لە کۆبوونەوەکەدا تۆم باراک پێداگریی ئیدارەی ترەمپی بۆ هاوبەشییەکی بەهێز و دوولایەنە لەگەڵ عێراق دووپاتکردەوە، هاوکات بانگهێشتنامەی دۆناڵد ترەمپی گەیاندە عەلی زەیدی بۆ سەردانی کۆشکی سپی لە ناوەڕاستی تەممووز بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکە.
بەپێی راگەیێندراوە هاوبەشەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێردەی ئەمریکا دیدگەیەکی هاوبەشیان بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر و دوور لە تیرۆر تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی جێبەجێکردنی پلانەکانی عێراق کردەوە بۆ داماڵینی تەواوەتیی چەک و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گرووپ و پێکهاتە چەکدارەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی دەوڵەت، بە مەبەستی سنووردارکردنی چەک تەنیا لە دەستی دەسەڵاتی عێراقدا.
هاوکات دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا ، تۆم باراک گەیشتە هەولیر و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و یەكیتی و پارتی کۆببێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ٧ڕۆژ جگە لە پرسە ناوخۆییەکانی عێراق، تۆم باراک لەبارەی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەکات.
|