وەزارەتی تەندروستی قاوەی چوکلێتی بۆ دابەزاندنی کێش قەدەغە دەکات

2   کاتژمێر پێش ئێستا  226 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی بە نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستانی لەسەرە 'قاوەی چوکلێتی' قەدەغە دەکات.

وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیێنێت، بازرگان و فرۆشیارانی قاوەی چوکلێتی دەبێت بدرێنە دادگا چونکە ''خەڵکیان هەڵخەڵەتاندووە، قاوەکە مادەیەکی مەترسیداری تێدایە، تەنیا رێگەیەکە بۆ کۆکردنەوەی پارە و بە نایاسایی هاتووەتە نێو هەرێمی کوردستان''.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە نووسراوەکەدا دەریدەخات، دوای پشکنینی تاقیگەیی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان "KMCA" دەرکەوتووە قاوەی چوکلێتی مادەی کیمیایی (sibutaramine)ـی تێدا زیاد کراوە کە لەلایەن FDA و EMAـیەوە مادەیەکی قەدەخەیە.

لەکۆتاییدا راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی تەندروستی داوا دەکات کە هەموو ئەو پەیج و ئەکاونتانە دابخرێن کە رێکلام بۆ ئەو بەرهەمە دەکەن، فرۆشیارانیش بدرێنە دادگا و چیدیکە ئەو جۆرە قاوەیەش هاوردە نەکرێت.

هاوکات د. کاوە خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە روودای راگەیاند، دوای پشکینەکان بۆ قاوەی چوکلێتی کە ئێستا لەنێو بازاڕدا باوە و خەڵکێکی زۆر بەکاریدەهێنێت، بۆمان دەرکەوت؛ مادەی مەترسیداری سیبۆترامینی تێدایە کە دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ و بەرزەپەستانی خوێن. 

د. کاوە خەلیل ئاماژەی بەوەشدا، ئەو جۆرە قاوەیە بە بەکتریا ژەهراویبووە و هیچ مەرجێکی تەندروستی تێدا نییە، تەنانەت بە کواڵیتیی کۆنتڕۆڵیدا تێنەپەڕیوە و نایاساییە. هەر بۆیە خواردنی، مەترسیی جیدی دەخاتە سەر ژیانی بەکارهێنەران.

جەختی لەوە کردەوە کە هیچ بەرهێمی تەندروستی و پزیشکی نابێت بەشێوەی ئۆنڵاین بفرۆشرێت و ئەوە پێچەوانەی یاساکانی پزیشکییە، چونکە مەترسی و کارەساتی بەدوادادێت، هەروەها ئەوەشی باس کرد کە زۆرینەی بەرهەمە نایاساییەکانی پزیشکی لەڕێگەی ئۆنڵاینەوە ساخ دەکرێنەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە