هۆکاری کەمبوونەوەی پێدانی کارەبا چییە؟

4   کاتژمێر پێش ئێستا  75 جار خوێنراوەتەوە

چەند ڕۆژێکە دۆخێکی نائاسایی لەبارەی کارەبا لەشارەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و پێدانی کارەبا بە هاووڵاتیان کەم بووتەوە، بەرپرسێکی باڵا لە ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستانیش هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات

عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند"کەمبوونەوەی کارەبا و بڕینی پچڕ پچڕ لە چەند شوێنێک پەیوەندی بە کەمیی غازەوە هەیە کە بەهۆی دۆخی شەڕ لە ناوچەکە بەرهەمهێنانی کەمبوویەوە، بەڵام لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرهەمهێنان بەرزدەکرێتەوە و کێشەی کارەباش چارەسەر دەبێت، چونکە هیچ کێشەیەک لە ژێرخانی کارەبا و پرۆژەی رووناکی رووینەداوە".

عەزیز ئەحمەد باسی لە فرۆشتنی کارەبا لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بە عێراق کرد و وتی: "ئێستا 1200 مێگاوات کارەبا بە عێراق دەفرۆشرێ، بەڵام حکومەتی عێراق داوای زیادکردنی بڕەکە بۆ 2000 مێگاوات دەکات".

جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو گرفتانەی پێشتر لە سیستم و پسووڵەی کارەبا هەبوون، چارەسەر کراون و پسووڵەکان پێش ئەوەی بنێردرێن بۆ هاوبەشان بە سیستم وردبینی دەکرێن و بەدواداچوونیان بۆ دەکرێ".

ئەوەش لەکاتێکدایە ماوەی چەند ڕۆژێکە لە زۆرینەی شارەکانی هەرێمی کوردستان پچرانی کارەبا ڕوودەدات و چەند کاتژمێرێک زیاتر دەخایەنێت بەڵام تا ئێستا وەزارەتی کارەبا هۆکارەکەی ئاشکرا نەکردووە، هاوکات خاوەن مۆلیدە ئەهلیەکانیش کە بڕێکی زۆر پارەی کارەبا قەرزاری هاووڵاتیانن، مۆلیدەکانیان هەڵناکەن.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە