ترەمپ: رەنگە چاوم بە مەجتەبا خامنەیی رێبەری ئێران بکەوێت

4   کاتژمێر پێش ئێستا  57 جار خوێنراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، حەز دەکات لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران کۆببێتەوە و پێشبینیش دەکات لە داهاتوودا ئەو دیدارە ئەنجام بدرێت. دەشڵێت، "ئەگەر من نەبووایەم، ئێستا ئیسرائیل بوونی نەدەبوو."

دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پۆدکاستی (Pod Force One)ـی رۆژنامەی نیویۆرک پۆست ئاماژەی بەوە کرد، "حەز دەکەم بیبینم موجتەبا خامنەیی، رەنگە لە شوێنێکدا کۆببینەوە، ئەوەش بەپێی ئەوەی بارودۆخەکە چۆن دەبێت."

ترەمپ لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا رێبەری باڵای ئێران بەشدارە لە دانوستاندنەکان و وتی، "ئێران پێشتر رەزامەندیی نیشانداوە پەرە بە چەکی ئەتۆمی نەدات. ئەوان لەسەر ئەوە رێککەوتوون، هەرچەندە دەتوانن رای خۆیان بگۆڕن، بەڵام ئەوە خاڵە هەرە گرنگەکە بوو."

سەبارەت بە تەندروستی و دۆخی رێبەری ئێران، ترەمپ رایگەیاند، "شەرەفی ئەوەم نەبووە ئایەتوڵڵا ببینم؛ ئەو بەشێکی زۆری ئەندامانی جەستەی لەدەستداوە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە گرژییەکانی نێوان خۆی و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد. سەبارەت بەو راپۆرتانەی دەڵێن بە نەتەنیاهووی وتووە "تۆ شێتی"، ترەمپ ئاماژەی  بەوەکرد، "بەڵێ، وام وتووە. من هەمیشە تووڕە دەبم. کەمێک لێی دڵگران بووم بەهۆی ئەوەی بەردەوام لەگەڵ لوبنان لە شەڕدایە."

ترەمپ ئەو راپۆرتانەی رەتکردنەوە کە نەتەنیاهوو ئەمریکای راکێشابێتە نێو جەنگی ئێران و وتی، "من بووم کە دەستمپێکرد؛ نامەوێت کەس بێزار بکەم، بەڵام من دەستمپێکرد، چونکە ناتوانین رێگەیان پێ بدەین چەکی ئەتۆمییان هەبێت."

سەرۆکی ئەمریکا باسی لە رۆڵی خۆی لە پاراستنی ئیسرائیل کرد و وتی، "ئەگەر من نەبووایەم، ئێستا ئیسرائیل بوونی نەدەبوو."

ترەمپ پێیوایە هێزی سەربازیی ئێران لاواز بووە و دەڵێت، "ئێران سەربازی زۆر کەمی هەیە  ئێمە پێویستمان بە ناردنی هێزی زەمینی نییە، تەنیا لە رێگەی بۆردوومانەوە بەشێکی زۆری سوپاکەیانمان لەناوبردووە."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە