رۆژی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان... شایەتی ئەنجامدانی دڕندەترین تاوانن

1     کاتژمێر پێش ئێستا  220 جار خوێنراوەتەوە

رۆژی 16ی ئایاری هەموو ساڵێک لە عیراق بە رۆژی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دیاریکراوە و بەرپرسێکیش لە دەزگای شەهیدانی عیراق رایدەگەیەنێت:" لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کێشەی مرۆیی و تەرخانکردنی بوودجەمان هەیە".

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لە ساڵی 2007دا، رۆژی 16ی ئایاری هەموو ساڵێکی وەک رۆژی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دیاریکرد، لەو رۆژەدا عیراقییەکان یادی خەمناکترین رۆژ لە مێژووی وڵاتەکەیاندا دەکەنەوە، کە گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانییەکانیانە و هێشتا تەواوی وردەکارییەکانی نازانن، بۆیە گۆڕە بەکۆمەڵەکان لای هەمووان بۆتە کۆد و نهێنییەک تەنها ئەو کەسانە دەتوانن بیکەنەوە کە بەشداریان لە تاوانەکەدا کردووە، یان ئەو کەسانەی بە موعجیزە لە نێو سەدان قوربانی دیکەدا رزگاریان بووە.

دەربارەی دیاریکردنی ئەو رۆژە، زەرغام ئال مەحمود لە دەزگای شەهیدانی عیراق، رایگەیاند:" دیاریکردنی ئەو رۆژە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بۆ دۆزینەوەی یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ دەگەڕێتەوە، کە دوای روخانی رژێمی بەعس لە ناوچەی مەحاویل لە پارێزگای بابل دۆزرایەوە".

عیراق بەپێی یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2006ی هەموار کراو لە یاسای پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، مامەڵە لەگەڵ دۆزینەوە و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکات، هەروەها ئەرکی بەدواداچوونی کەیسەکەش بە دەزگای شەهیدانی فیدراڵی سپێردراوە، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەکانی پزیشکی دادوەری و فەرمانگەکانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەر بە دەزگای شەهیدان و هاوکاری رێکخراوی icmpی نێودەوڵەتی ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن.

لە بارەی ژمارەی ئەو گۆڕانەی هەڵدراونەتەوە، زەرغام ئال مەحمود رایگەیاند:" تاوەکو ئێستا 314 گۆڕ هەڵدراونەتەوە، کە 160 گۆڕیان بۆ سەردەمی بەعسی لەناوچوو دەگەڕێتەوە، 154 یشیان  قوربانیانی دەستی تیرۆرستان و هێرشی هەڕەمەکین کە گروپە تیرۆرستییەکان ئەنجامیان داوە".

" چەندین گۆڕی دیکە ماون و هێشتا هەڵنەدراونەتەوە کە ژمارەیان دەگاتە 81 گۆڕ، بۆ نموونە لە ناوچەی تەلشێخە لە بیابانی سەماوە، نزیکەی 10 گۆڕی بەکۆمەڵ بوونی هەیە، بەڵام تەنها سێ گۆڕ هەڵدراوەتەوە"، زەرغام ئال مەحمود وایوت.

لە بارەی لەمپەرەکانی بەردەم هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، ئەو بەرپرسەی دەزگای شەهیدانی عیراق رایگەیاند:" چەندین کێشەمان هەیە، لەوانە کەمی کادری شارەزا و راهێنراو لە بوارەکەدا، هەروەها کێشەمان لە بودجەی تەرخانکراو بۆ کەیسەکە هەیە، چونکە فەرمانگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەپێی مادەی 17 لە یاسای ژمارە 5 گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ساڵی 2006 پشت بە هاریکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت".

فراکسیۆنی یەکێتی داوا دەکات پەلەبکرێت لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە تایبەتە بە ئەنفالکراوان
سروە محەمەد رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی رۆژی 8ی4ی2025 رایگەیاند: "پاش ئەوەی سەردانی سەرۆک وەزیرانی عیراق محەمەد شیاع سودانیم کرد، نوسراوێکم ئاڕاستە کرد کە تایبەت بوو بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە تایبەتە بە ئەنفالکراوان".

"لای خۆیەوە محەمەد شیاع سودانی رەزامەندی دەربڕی بۆ هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە لە نزیکترین کاتدا، بۆ ئەو مەبەستەش نوسراوێکی ئاڕاستەی دامەزراوەی شەهیدانی عیراق کرد بەئامانجی هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی کە ماونەتەوە تایبەت بە روفاتی ئەنفالکراوان لەنزیکترین کاتدا"، سروە محەمەد وادەڵێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە