کەشتیی فڕۆکە هەڵگری"جێراڵد فۆرد" دەگاتەوە ئەمریکا و شەڕی ئێرانی بەجێهێشت

1     کاتژمێر پێش ئێستا  251 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە پیت هیگسێس، وەزیری بەرگری، پێشوازی لە فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد" دەکات، کە گەورەترین فڕۆکەهەڵگری جیهانە، ئەمەش دوای کۆتایی هاتنی ئەرکێکی سەربازیی درێژخایەن کە 11 مانگی خایاند.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەلایەن ماڵپەڕی (USNI) سەر بە پەیمانگای دەریایی ئەمریکا بڵاوکراونەتەوە، فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد" 326 رۆژی لە دەریادا بەسەر بردووە. ئەمەش بە درێژترین ماوەی مانەوەی فڕۆکەهەڵگرێک دادەنرێت لە ماوەی نیو سەدەی رابردوودا، هەروەها سێیەم درێژترین ماوەی مانەوەیە لە دوای جەنگی ڤێتنامەوە.

لە مێژووی دەریایی ئەمریکادا، تەنیا دوو فڕۆکەهەڵگر ماوەی زیاتریان لە دەریادا بەسەر بردووە؛ ئەوانیش "یو ئێس ئێس میدوەی" لە ساڵی 1973 بە 332 رۆژ، و "یو ئێس ئێس کۆراڵ سی" لە ساڵی 1965 بە 329 رۆژ.

فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد" لە ماوەی ئەرکەکەیدا بەشداری لە چەندین چالاکی گرنگدا کردووە، لەوانە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤێنیزوێلا. دوای ئەوە و لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکان لەگەڵ ئێران، فڕۆکەهەڵگرەکە رەوانەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا بۆ بەهێزکردنی پێگەی سەربازی ئەمریکا.

لە بەشێکی دیکەی ئەرکەکەیدا و لە کاتی جێگیربوونی لە دەریای سوور، فڕۆکەهەڵگرەکە رووبەڕووی رووداوی ئاگرکەوتنەوە بووە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە دەریای ناوەڕاستدا بمێنێتەوە پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ بنکە سەرەکییەکەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە