چەند پلانێکی نوێ بۆ لێدانی ئێران ڕادەستی ترەمپ کراون
56 خولەک پێش ئێستا
142 جار خوێنراوەتەوە
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن یاریدەدەرەکانییەوە چەند پلانێکی بۆ لێدانی ئێران پێگەیشتووە. پلانەکان بریتین لە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی و ناردنی هێزی تایبەت بۆ ناوخۆی ئێران بە مەبەستی بە ئامانجگرتنی کەرەستە ئەتۆمییەکان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، یەکێکی دیکە لە بژاردەکان بریتییە لە بەکارهێنانی هێزی تایبەت بۆ کۆنترۆڵکردنی "دوورگەی خارگ"، لەگەڵ ئەگەری بۆردومانکردنی چڕی بنکە سەربازییەکان و ژێرخانەکانی ئێران. باسی لەوەش کردووە، ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە نەداوە.
لەم بارەیەوە ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا هۆشداری داوەتە تاران و رایگەیاندووە: "سەبرم بەرەو نەمان دەچێت و دەبێت ئێران بگاتە رێککەوتن." سەبارەت بە پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراویش، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بابەتە زیاتر پەیوەندی بە "پەیوەندییە گشتییەکانەوە" هەیە و باشترە ئەمریکا دەستی بەسەردا بگرێت.
لەلایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، گەیشتوونەتە لێکگەیشتن بۆ دواخستنی دانوستانە ئەتۆمییەکان بۆ کاتێکی دیکە. عێراقچی دۆخی گەرووی هورموزی بە ئاڵۆز وەسف کردووە و پێشوازی لە هەوڵەکانی رووسیا، چین، هیندستان و پاکستان کردووە بۆ چارەسەری قەیرانەکان.
|