موجتەبا خامنەیی: سەردەمێکی نوێ لە گەرووی هورمز دەستی پێکردووە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  151 جار خوێنراوەتەوە

موجتەبا خامنەیی، لە پەیامێکدا بەبۆنەی "ڕۆژی نیشتمانیی کەنداوی فارس" لە ئێران، نەخشەڕێگەیەکی سیاسی و ئەمنی نوێی بۆ ناوچەکە ڕاگەیاند و جەختی لەسەر گۆڕینی هاوکێشەکان لە گەرووی هورمز کردەوە. 
 
لە پەیامەکەدا هاتووە کە دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر ئەوەی بە "گەورەترین لەشکرکێشی و دەستدرێژی زۆردارانی جیهان" وەسف کراوە، ئێستا وەرزێکی نوێ لە کەنداوی فارس و گەرووی هورمز دەستی پێکردووە کە تێیدا ئەمریکا تووشی شکستێکی "شەرمەزارانە" بووە. 
 
لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە داهاتووی ناوچەکە "داهاتوویەکی بێ ئەمریکا" دەبێت و بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە توانای پاراستنی ئاسایشی خۆیشیان نییە. 
 
خامنەیی لە پەیامەکەیدا باس لە چەسپاندنی بەڕێوەبردنی نوێی گەرووی هورمز دەکات، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو بابەتەی کە ئەو بە خراپ بەکارهێنانی تەنگەی هورمز لەلایەن "دوژمنی شەڕخواز" ناوی بردووە. 
 
موجتەبا خامنەیی جەخت دەکاتەوە ئەم سەرکەوتنانەی لە گەرووی هورمز بەدەستیان هێناوە دەستپێکی سیستمێکی نوێی ناوچەیی و جیهانییە کە لە سایەی "ستراتیژی ئێرانی بەهێز" بەدی هاتووە. 
 
رێبەری ئێران لەبارەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە پەیامەکەیدا بانگەوازێک بۆ وڵاتانی دراوسێ لە کەنداو و دەریای عومان بڵاودەکاتەوە و دەڵێت: "هەموو ئەو وڵاتانە چارەنووسمان بەیەکەوە بەستراوەتەوە و بێگانەکان جێگەیان لە ناوچەکەدا نابێتەوە".
 
موجتەبا خامنەیی لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە ئێران بە تەواوی تواناکانییەوە، لەوانە تەکنەلۆژیای ناوکی و مووشەکی، پاسەوانی لە سنوورەکانی دەکات و بەڕێوەبردنی نوێی گەرووی هورمز لە بەرژەوەندی پێشکەوتنی هەموو نەتەوەکانی ناوچەکەدا دەبێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە