عەلی زەیدی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

1     کاتژمێر پێش ئێستا  149 جار خوێنراوەتەوە

لە دوو رۆژی داهاتوودا عەلی زەیدی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و بڕیارە  لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبێتەوە.
 
عەقیل ردێنی، وتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی رایدەگەیێنێت، لە چوارچێوەی دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنەکاندا "لە دوو رۆژی داهاتوودا" عەلی زەیدی، کاندیدی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
 
وتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، ئاماژەی بەوەکرد، "عەلی زەیدی، سەردانی هەولێر و سلێمانی دەکات لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە کۆدەبێتەوە کە کورسی پەرلەمانیان هەیە". 
 
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بە میدیای پارتی راگەیاند، بڕیارە رۆژی شەممە عەلی زەیدی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبێتەوە و پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تاوتوێ بکات.
 
ئاماژەی بەوەکرد، هەر لەسەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان عەلی زەیدی بەهەمان مەبەست لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسیانەی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە کە کورسی پەرلەمانیان هەیە.
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 28ـی نیسانی 2026، عەلی فالح زەیدی بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتی نوێ راسپێردرا و 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی. 
 
عەلی فالح زەیدی، رۆژی چوارشەممە، 29ی نیسانی 2026، بە جیا لەگەڵ سەرۆک و کەسی یەکەمی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئەساس، تەسمیم، ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، رەوتی حیکمە، رێکخراوی بەدر و عەسائیبی ئەهلی حەق-ی شیعەکان، هەروەها هاوپەیمانیی عەزم، هاوپەیمانیی حەسمی نیشتمانی و سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان لەبارەی پرسی پێکهێنانی حکومەت کۆبووەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە