ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرە و لەکارەکەی بەردەوامە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
1 جار خوێنراوەتەوە
دوای ئەو دەنگۆیانەی دەربارەی دوورخستنەوەی بڵاوکرابوونەوە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر دەرکەوتەوە و پێشوازی لە کونسوڵی تورکیا کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا پێشوازی لە ئێرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی کۆماری تورکیا لە هەولێر کرد.
پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە کە لە دیدارەکەدا، “دوایین پەرەسەندنە سیاسیەکانی ناوچەکە بەگشتی و برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوولا باسیان لێوەکرا و کونسوڵی تورکیا لەهەولێر، هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆی بۆ شەهیدانی بۆردوومانە ناڕەواکانی ئەم دواییەی سەر هەولێری پایتەخت دەربڕی و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران و گەڕانەوەی ئارامی و ئاشتی بۆ ناوچەکە خواست”.
لای خۆییەوە، ئومێد خۆشناو “سوپاسی هەڵوێستەکانی کۆماری تورکیا و کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر کرد بۆ هاوسۆزی و هاوخەمیان”.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، کە تایبەت بوو بە میکانیزمی نوێی وەرگرتنی ڤیزا، کونسوڵی تورکیا ڕوونکردنەوە و بەرچاوو ڕوونیدا کە گۆڕانکارییەکان تەنها لە ئاستی کۆمپانیای جێبەجێکاردا بووە و ڕێکارەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک لە پێدانی ڤیزا نەکراوە”.
هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەماهەنگیی زیاتر بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و خزمەتکردنی هاووڵاتییان کردەوە.
|