حەشدی شەعبی و کاتژمێری سفر، عێراق لەنێوان بەرداشی ململانێکاندا

1     کاتژمێر پێش ئێستا  148 جار خوێنراوەتەوە

ڕاپۆرتێکی ورد و چڕوپڕ کە لەسەر بنەمای زانیارییە بڵاوکراوەکانی ناوەندە توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان و هەواڵگرییە میدیاییەکان بووەتە جێی بایەخی ناوەندە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، سەبارەت بە نەخشەی دابەشبوونی ئەو گروپە چەکدارانەی لە عێراقدا وەک “پاشکۆی ئێران” پۆلێن دەکرێن، بەتایبەت کە ئەم گروپانە لەژێر چەتری “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” کاردەکەن و لە ڕووی دارایی، مەشق و پڕچەککردنەوە ڕاستەوخۆ بەستراونەتەوە بە “فەیلەقی قودس”ی سوپای پاسداران.

چاودێران دەڵێن؛ لەئێستادا عێراق لەنێوان بەرداشی ململانێکاندایە لە کاتێکدا ئاسمانی ناوچەکە بە فڕۆکە و موشەک تەندراوە، پرسیارە هەرە گرنگەکە ئەوەیە؛ چارەنووسی گروپە چەکدارەکانی پاشکۆی ئێران لە عێراق بە چی دەگات؟

بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان، بنکە ستراتیژییەکانی وەک جەرف سەخەر، قایم، و ناوەندە فەرماندەییەکانی بەغدا، چیتر تەنها بارەگای سەربازی نین، بەڵکو بوونەتە ئامانجی سەرەکی بۆ فڕۆکە نادیارەکان و بۆمبە “بەنکە بەستەرەکان”.

هەروەها شارەزایان و شرۆڤەکاران دەڵێن؛ مێژوو سەلماندوویەتی کە لە کاتی پێکدادانی زلهێزەکاندا، “بریکارەکان” دەبنە یەکەم قوربانی.

ئایا ئەم گروپانە دەبنە قەڵغان بۆ پاراستنی تاران، یان ئەوەتا لەژێر زەبری هێرشە وردەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا پارچەپارچە دەبن؟

لەم راپۆرتەدا دیارترین هێزە بریکارەکانی ئێران لە عێراقدا دەخەینەڕوو؛

١. کەتائیبی حزبوڵڵا – بەهێزترین و مەترسیدارترین

پێگە سەرەکییەکان: جەرف سەخەر (باشووری بەغدا)، ئەلبو کەمال (سەر سنووری سووریا)، و قایم.

توانای سەربازی: خاوەنی یەکەی تایبەتی درۆنی (ئەبابیل و سەماد) و موشەکی بالیستی کورت مەودان (فاتح -١١٠).

گرنگی لۆجستی: جەرف سەخەر وەک “ناوچەیەکی قەدەغەکراو” بەکاردێنن بۆ کۆگاکردنی چەک و کارگەی چاککردنەوەی درۆن، کە هیچ هێزێکی عێراقی بۆی نییە بچێتە ناوەوە.

٢. عەسائیبی ئەهلی حەق

پێگە سەرەکییەکان: بەغدا (ناوچەی ڕەسافە)، پارێزگای دیالە، و کەرکوک.

توانای سەربازی: هێزێکی مرۆیی گەورەیان هەیە و کۆنترۆڵی زۆربەی بازگە ستراتیژییەکانی نێوان بەغدا و دیالە دەکەن.

گرنگی لۆجستی: بەکارهێنانی دامەزراوە حکومییەکان وەک بەرگێک بۆ گواستنەوەی چەک.

٣. نوجەبا

پێگە سەرەکییەکان: بەغدا (شەقامی فەڵەستین) و ناوچە بیابانییەکانی پارێزگای ئەنبار.

توانای سەربازی: تایبەتن بە شەڕی ئاسمانی و درۆنی، زۆربەی هێرشە درۆنییەکانی ئەمدواییە بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەن ئەمانەوە ئەنجامدراوە.

گرنگی لۆجستی: پەیوەندییەکی زۆر توندوتۆڵیان لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنانی هەیە بۆ مەشقی سەربازی.

٤. کەتائیبی سەیدولشوهەدا

پێگە سەرەکییەکان: ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سووریا (قایم و عەکاشات).

توانای سەربازی: پسپۆڕن لە شەڕی پارتیزانی و بەکارهێنانی موشەکی کاتیۆشا و گڕاد.

گرنگی لۆجستی: پاراستنی ڕێگای وشکانیی ئێران -بەغدا -دیمەشق.

ئەم گروپانە زۆربەی کۆگاکانی چەک لە ناو گەڕەکە قەرەباڵغەکان یان نزیک بنکە فەرمییەکانی سوپای عێراق دادەنێن بۆ ئەوەی لە هێرشی ئاسمانی پارێزراو بن.

لە ناوچەکانی جەرف سەخەر و دەوروبەری قایم، سیستمێکی ئاڵۆزی تونێل هەیە کە بۆ گواستنەوەی سەرکردەکان و چەکە قورسەکان بەکاردێت.

چەندین سیستمی بەرگریی ئاسمانی کورت مەودای ئێرانی لە جۆری (میستراڵ یان مۆدێلە ئێرانییەکان) لە دەوروبەری بنکە سەرەکییەکانیان جێگیر کراوە.


dootmedia - 7ROJ


   ئەمانەش بخوێنەرەوە