پێنتاگۆن داوای زیاتر لە 200 ملیار دۆلار بۆ بودجەی جەنگی ئێران دەکات
2 کاتژمێر پێش ئێستا
16 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) داوای لە کۆشکی سپی کردووە رەزامەندی بدات لەسەر داواکارییەکی "زەبەلاح" بۆ بودجەی جەنگ، کە بڕەکەی زیاتر لە 200 ملیار دۆلارە. ئەم بودجەیە بۆ دابینکردنی تێچووی جەنگی ئێران و پڕکردنەوەی کۆگە چەکەکانی ئەمریکایە، کە لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا خەریکە بە تەواوەتی بەتاڵ دەبن.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپەوە وەریگرتووە، ئەو بودجەیە زۆر زیاترە لە تێچووی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان، تاوەکو ئێستا. ئامانجی سەرەکی، زیادکردنی خێرای بەرهەمهێنانی ئەو چەکە ورد و پێشکەوتووانەیە کە سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتەوە هەزاران دانەیان لێ بەکارهێناوە.
رۆژنامەکە دەڵێ، ستیڤن فاینبێرگ، جێگری وەزیری جەنگ سەرپەرشتیی ئەم هەوڵە دەکات بۆ بووژانەوەی پیشەسازیی سەربازیی ئەمریکا کە لە هەندێک بواردا تووشی خاوبوونەوە بووە.
سەرەڕای داواکارییەکەی پێنتاگۆن، رۆژنامەکە نووسیویەتی، هەندێک لە بەرپرسانی کۆشکی سپی پێیانوایە ئەم بڕە پارەیە هیچ دەرفەتێکی نییە لە کۆنگرێس پەسند بکرێت. بەرپرسەکان دەڵێن، پێنتاگۆن لە دوو هەفتەی رابردوودا چەندین پێشنیازی جیاوازی بۆ بودجە خستووەتە روو، بەڵام ئەمەی دواییان زۆر لەوە زیاترە کە چاوەڕوان دەکرا.
دۆناڵد ترەمپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەردەوام رەخنەی لە ئیدارەی جۆ بایدن دەگرت بۆ خەرجکردنی 188 ملیار دۆلار لە جەنگی ئۆکرانیادا و بە "سەرکێشیی بێسوود" وەسفی دەکرد. ئێستا تەنیا بۆ جەنگی ئێران و تەنیا لە سێ هەفتەدا، ئیدارەکەی داوای بڕە پارەیەک دەکات کە لە هەموو ئەو پارەیەی بۆ ئۆکرانیا خەرج کراوە زیاترە.
تێچووی جەنگەکە زۆر بە خێرایی لە زیادبووندایە؛ تەنیا لە هەفتەی یەکەمدا ئەمریکا زیاتر لە 11 ملیار دۆلاری خەرج کردووە. پۆست لەسەر زاری بەرپرسانی پێنتاگۆن دەڵێ، بۆ ئەوەی بتوانن هەم جەنگەکە ببەن بەڕێوە و هەمیش ئامادەیی خۆیان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی دیکەی جیهان بپارێزن، پێویستیان بەم بودجە نائاساییە هەیە.
پێشبینی دەکرێت ململانێیەکی تووند لە ناو کۆنگرێس لە سەر ئەم بودجەیە دروست ببێت. دیموکراتەکان کە رەخنەی تووندیان لە جەنگەکە هەیە، هەوڵدەدەن رێگری لە پەسندکردنی بکەن. کۆمارییەکانیش هەرچەندە پشتگیریی جەنگ دەکەن، بەڵام هێشتا ستراتیژییەکی روونیان نییە بۆ تێپەڕاندنی بودجەکە لە ئەنجوومەنی پیران، کە پێویستی بە 60 دەنگ هەیە. سیناتۆر تۆم کۆتن، سەرۆکی لێژنەی هەواڵگری، داوای کردووە بڕە پارەیەکی زیاتریش بۆ دەزگە هەواڵگرییەکان زیاد بکرێت.
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، شارەزایان هۆشداری دەدەن، تەنیا هەڵڕشتنی پارە کێشەکان چارەسەر ناکات. پیشەسازیی بەرگریی ئەمریکا سنووردارە لە رووی ژمارەی کرێکاری شارەزا، کارگەکان و ئەو ماددە خاوە دەگمەنانەی بۆ دروستکردنی چەکی پێشکەوتوو پێویستن.
ئیلاین مەککوسکەر، بەرپرسی پێشووی دارایی پێنتاگۆن دەڵێ: "رەوانەکردنی پارەیەکی زۆر بۆ ناو کەرتی پیشەسازی مەرج نییە یەکسەر چەکت بۆ بەرهەم بهێنێت، بەڵام ئەگەر پارەکەش دابین نەکەیت، بە دڵنیاییەوە هیچ چەکێکت دەست ناکەوێت."
|