سوپای ئێران: کەشتیی ئەبراهام لینکنمان ناچار کرد دووربکەوێتەوە

3   کاتژمێر پێش ئێستا  152 جار خوێنراوەتەوە

سوپای ئێران رایگەیاند، هێزی دەریایی ئێران توانیویەتی بە هێرشێکی مووشەکی، فڕۆکەهەڵگری "ئابراهام لینکن"یان ناچار بکات لە ناوچەکە دووربکەوێتەوە.
 
لە راگەیێندراوی ژمارە 32دا سوپای ئێران دەڵێت، لە هێرشێکی تۆڵەکارانەدا و لە وەڵامی تاوانەکانی ئەمریکا توانیویانە کەشتیی ئەبراهام لینکن لە ناوچەکە دووربخەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی ماڵئاوایی لەگەڵ تەرمی 84 کوژراوی کەشتیی دەریایی دێنا، ئەم ئۆپەراسیۆنە وەکو رێزگرتنێک بووە لە یادی ئەو کوژراوانە و 20 سەربازی دیکە کە شوێنەواریان ون بووە.
 
هەروەها راشیگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بە ناردنی مووشەکی کەنارئاو بۆ دەریا، کەشتیی ئەبراهام لینکنیان دوورخستووەتەوە.
 
شەڕی ئێران لەگەڵ دوو هاوپەیمانی ئەمریکا و ئیسرائیل چووەتە نێو رۆژی 19یەم و شەوی رابردوو ئیسرائیل رایگەیاند، لە بۆردوومانەکانی بۆ سەر ئێران عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتەیان لە باڵەخانەیەک لە تاران کوشتووە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە