عێراق سزای ئەو هاووڵاتییانەی دەدات دەچنە نێو سوپای رووسیا
1 کاتژمێر پێش ئێستا
65 جار خوێنراوەتەوە
حکومەتی عێراق رێکارە یاسایی و ئەمنییەکانی بۆ رێگری لە چوونە نێو سوپای رووسیا تووندتر دەکات. راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، بڕیاری کۆتایی دراوە بۆ سزادانی ئەو کەسانەی دەچنە نێو سوپای وڵاتانی دیکە، لێپرسینەوەش لەو کۆمپانیا و لایەنانە دەکرێ کە یارمەتیی گەنجان دەدەن بۆ بەشداریکردن لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی "لیژنەی فەرمانی دیوانی" تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی بەسەربازکردنی هاووڵاتیانی عێراقی لە نێو سوپای رووسیای کرد.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی قاسم ئەعرەجی، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە چالاککردنی ئەو مادە یاساییانەی لە یاسای سزادانی عێراقیدا هاتوون سزای بەندکردن بەسەر هەر هاووڵاتییەکدا دەسەپێنێت کە بەبێ رەزامەندی فەرمی، بچێتە نێو ریزی هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتێکی دیکە.
هەروەها بڕیاردرا بە لێپرسینەوە و سزادانی ئەو کۆمپانیا گەشتیاری و لایەنانەی کە "ئاسانکاری بۆ گەنجان دەکەن یان تۆڕی نایاساییان بۆ سەربازکردن و دابینکردنی دارایی دروستکردووە." ئەم بڕیارانە پەسند کراون و رەوانەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کراون بۆ ئەوەی فەرمانی جێبەجێکردنیان بۆ دەربچێت.
هاوکات فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، هۆشداری داوە لەوەی کە یاسای عێراقی رێگە بە هیچ کەسێک نادات ببێتە سەربازی وڵاتێکی دیکە. لایەنی ئەمنی و دادوەریی عێراق ئێستا پێکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی رێگری لەو تۆڕانە بگرن کە گەنجانی عێراقی بە ناوی کار یان گەشتوگوزار دەبەنە رووسیا و دواتر لە بەرەکانی جەنگدا تێوەیان دەگلێنن.
|