راگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی هەرێمەوە لەبارەی مووچە

4   کاتژمێر پێش ئێستا  338 جار خوێنراوەتەوە

راگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە لەبارەی مووچە: 
 
سەبارەت بەمووچەی مانگی کانوونی دووەم و دوای گەیشتنی تەمویلەکە لە وەزارەتی دارایی عێراق بە کەموکوڕیەوە ، لێرە و لەوێ چەندین لێکدانەوە و تۆمەتی ناڕاست ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم کراوە، بە پێویستمان زانی وەك وەڵامێك بۆ ئەو تۆمەتانە جەخت لەم ڕاستییانەی خوارەوە بکەینەوە.
 
١- بۆ ئەوانەی کە لەیادیان چووە ماوەی سێ ساڵە بەپێی یاسای بوودجەی ( ٢٠٢٥،٢٠٢٤،٢٠٢٣ ) مووچەی هەرێمی کوردستان تێکڕا لەبەغداوە خەرج کراوە، واتە هەر کەموکوڕییەک لەمووچە یان نەناردن یان لێبڕین لە مووچەی هەرێم لەو سێ ساڵە ڕویدا بێت وەزارەتی دارایی عێراق لێی بەرپرسیارە.
 
٢- لەگەڵ گەیشتنی تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ وەک وەزارەتی دارایی یەکەم لایەن بووین کە ڕامانگەیاند کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ زیاتر لە ( ٣٦ ) ملیار دیناری لە تەمویلی مووچەی ئەو مانگە بڕیوە و نەیناردووە کە بریتییە لە مووچەی چەند مانگێکی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی و کەمئەندامی سەنگەر، ( بۆ نموونە خانەنشین هەیە ١٢ مووچەی وەرنەگرتووە بەڵام تەنها یەک مووچەی بۆ هاتووە، کەمئەندامانی سەنگەر پێویست بوو دوو مووچە وەربگرن یەکێكیان مووچەی مانگی ١٠ ی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ مووچەی مانگی یەکی ئەمسال بەڵام تەنها یەک مووچەیان بۆ هاتووە).
 
٣- بەپێی نووسراوی ژمارە(  ٣٦٦ ) لە بەرواری ( ٢٠٢٦/١/٢٧ ) داوای خەرجکردنی بڕی ( ٢٨١،١٢٥،٤٧١،٢١٦ ) دووسەد و هەشتا و یەک ملیار و سەد و بیست و پێنج ملیۆن و چوارسەد و حەفتا و یەک هەزار و دووسەد و شازدە دینارمان بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی خەرج کردووە، کە بڕی ٣٦ ملیارەکەشی لەگەڵە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنها بڕی ( ٢٤٤،٧٦٤،٦٠٦،٣٥٧ ) دوو سەدو چل و چوار ملیار و حەوت سەد و شەست و چوار ملیۆن و شەش سەد و شەش هەزار و سێ سەد و پەنجا و حەوت دیناری وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی ناردووە.
 
٤- وەزارەتی دارایی بەدواداچوون بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی دەزانێت، بۆیە ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕێکەوتی ( ١٢ ی شوباتی ٢٠٢٦ ) نووسراوی دووەممان بە ژمارە ( ١١٦٤/٤/٧ ) ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە و داوای خەرجکردنی بڕی ( ٣٦،٣٦٠،٨٦٤،٨٥٩ ) دینارمان کردووە وەک تەواوکاری تەمویلی مووچە و شایستەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بۆ مانگی کانوونی دووەم.
 
٥- بەبیر هەموو ئەو کەس و لایەن و دەزگا ڕاگەیاندنانە دەهێنینەوە کە بەشێوەی ناڕەوا هێرش دەکەنە سەر وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بوختان و تۆمەتی ناڕەوا دەبەخشنەوە دەبێت چاوەڕێ بن ڕووبەڕووی دادگا ببنەوە لە پێناو سەلماندنی ڕاستییەکان.
لە کۆتاییشدا بەهەموو لایەکی ڕادەگەیەنین ئەو لایەنەی داکۆکی لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە لە بەغدا و هەموو مەحفەلەکانی تردا بەشانازیەوە تەنها حکومەتی هەرێم و  وەزارەتی دارایی لایەنی سەرەکی و بنچینەیی بوون پێش هەموو کەس و لایەنەکانی تر.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان
 
١٢ ی شوباتی ٢٠٢٦
 
هاوپێچ
 
١- نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ژمارە ( ٣٦٦ ) لە (٢٠٢٦/١/٢٧ ) تایبەت بە خەرجکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی.
 
٢-نووسراوی ژمارە ( ٣٣٢٣ ) فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ تایبەت بەخەرجکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی.
 
٣- نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ژمارە ( ١١٦٤/٤/٧ ) لە بەرواری ( ٢٠٢٦/٢/١٢ ) بۆ خەرجکردنی تەواوکاری مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە