دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و 11 دەستگیرکراو گەیشتە هەولێر
2 کاتژمێر پێش ئێستا
14 جار خوێنراوەتەوە
دوای ئەوەی مانگی رابردوو دادگای سلێمانی بڕیاری دا دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار بۆ وردبینی رەوانەی هەولێر بکرێت، یەکێک لە پارێزەرانی دۆسیەکە دەڵێت، دۆسیەی 12 کەسیان گەیشتووەتە هەولێر.
قادر ئاغا مەنتک، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، بەمیدیای پارتی راگەیاندووە: "دوای چەند جارێک دواخستن بە پاساوی جیاواز، دوێنێ دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی بە فەرمی گەیشتە دادگەی تەمیز لە هەولێر".
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەکردووە: "ئێمە تانەمان لە وەرگرتنی گوتە (ئیفادە)ی کاک لاهوور و هاوڕێکانیشی داوە، بۆیە دۆسیەکە هێندراوەتە دادگای تەمیز و جگە لە شێخ لاهوور و کاک پۆڵادی برای، 10 کەسی دیکە لە هاوڕێکانی تێدایە".
لەبارەی هەنگاوی داهاتووی دۆسیەکەوە، پارێزەر قادر ئاغا مەنتک وتی: "تەواوی دۆسیەکە نێردراوە، دادوەری تەمیز بڕیاری لەسەر دەدات کە دادگاییکردنی هەر 12 کەسەکە لە کام دادگەی هەرێمی کوردستان و لە کام پارێزگا دەبێت".
پارێزەرەکەی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ گواستنەوەی دەستگیرکراوەکان دادوەر بڕیار دەدات کە هەر لە سلێمانی دەمێننەوە، یان بۆ دادگایی دەبرێنە شارێکی دیکە.
|