وەزیری دەرەوەی ئێران: ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا

2026-01-07  336 جار خوێنراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا و هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گوایە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ هاوکار نییە. 
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "پرسە نێوخۆییەکانی ئێران، جگە لە گەلەکەمان، پەیوەندییان بە هیچ لایەنێکەوە نییە و حکومەت و خەڵک پێکەوە لە گفتوگۆدان."
 
لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا، عێراقچی وتی: "بەهۆی سیاسەتەکانی ئەمریکاوە هەلومەرج بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەو وڵاتە گونجاو نییە. ئێران هەرگیز مێزی دانوستاندنی جێنەهێشتووە. ئێمە هەمیشە ئامادەین بۆ دانوستاندن لەسەر بنەمای رێزگرتن و بەرژەوەندی هاوبەش، بەڵام حکومەتی ئەمریکا روانگەیەکی لەو شێوەیەی نییە."
 
ئەوە لە کاتێکدایە درەنگانی شەوی یەکشەممە 05-01-2026، دوناڵد ترەمپ لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی لەبارەی دۆخی ئێران قسەی بۆ رۆژنامەوانان کرد و رایگەیاند: "بەوردیی چاودێریی دۆخەکە دەکەین. ئەگەر وەک رابردوو دەست بە کوشتنی خەڵک بکەنەوە، پێموایە لەلایەن ئەمریکاوە زۆر بە تووندی لێیان دەدرێ."
 
مانگرتن و خۆپێشاندانی کاسبکاران لە ئێوارەی 28-12-2025 بەهۆی گرانی و قەیرانی ئابوورییەوە دەستیپێکرد.
 
ئەمریکا و ئێران پێش دەستپێکردنی جەنگی تاران و تەلئەبیڤ لە حوزەیرانی 2025دا 5 گەڕی دانوستاندنیان ئەنجام دا، بەڵام لە بارەی پڕۆگرامی ئەتۆمی نەگەیشتنە رێککەوتن و جەنگەکەش هەموو دانوستاندنێکی وەستاند.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە