حکومەتی سووریا: پاراستنی کورد ئەرکی ئێمەیە و بۆ لای ئێمە هەڵاتوون
2026-01-07
369 جار خوێنراوەتەوە
حکومەتی سووریا وەڵامی هەسەدەی دایەوە و رایگەیاند، مادام هەسەدە دانیناوە بەوەی لە حەلەب سەربازی نییە، کەواتە دۆسیەی ئەمنی بەتەواوی لەدەستی دەوڵەتدایە؛ حکومەت هەروەها رەتیدەکاتەوە ئامانجی لێدانی پێکهاتەیەک بێت و دەڵێت: "کوردەکان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێمە هەڵاتوون."
حکومەتی سووریا لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە: "ئەوەی لە راگەیێندراوی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـدا هاتووە سەبارەت بە دۆخی حەلەب، بەتایبەت گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، هەڵەی زەقی تێدایە و پێچەوانەی رێککەوتنی 1ـی نیسانی 2025ـە."
حکومەتی دیمەشق دەڵێت: "جەختکردنەوەی هەسەدە لەسەر نەبوونی هێزی سەربازی لەنێو شاری حەلەب، دانپێدانانێکی ئاشکرایە کە بەتەواوی لە هەر رۆڵ و دەستوەردانێکی ئەمنی و سەربازیی شارەکە بێ بەرییان دەکات و دەسەلمێنێت کە بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسایش و دانیشتووان، تەنیا لە ئەستۆی دەوڵەتی سووریا و دامەزراوە شەرعییەکانیدایە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دەوڵەتی سووریا جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی هەموو هاووڵاتییان، بە هاووڵاتییانی کوردیشەوە، بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و یاسایی نەگۆڕە و سازشی لەسەر ناکرێ، ئەمەش بەبێ جیاکاری لەسەر بنەمای رەگەز یان لایەنداری جێبەجێ دەکرێت."
حکومەت بانگەشەی ئەوە دەکات ئەو خەڵکەی ئاوارە بوون، روویان لە ناوچەکانی ئەوان کردووە و دەڵێت: "ئەوانەی لە ناوچەکانی گرژی ئاوارە بوون تەنیا هاووڵاتیی سڤیلن و هەمووشیان هاووڵاتییانی کوردن کە بەهۆی ترس لە هەڵکشان ناوچەکانیان جێهێشتووە و پەنایان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکان بردووە؛ ئەمەش بەڵگەی متمانەی هاووڵاتییانی کوردە بە دەوڵەتی سووریا."
حکومەت جەختی لەوە کردووەتەوە کە رێکارەکانی لە دەوروبەری ئەو دوو گەڕەکە تەنیا بۆ "پاراستنی ئاسایش و رێگریکردنە لە چالاکیی چەکداری لەنێو ناوچە نیشتەجێبووەکان،" داواش دەکات گرووپە چەکدارەکان لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بچنە دەرەوە.
|