ئاسایشی ناوخۆی حەلەب: حکومەت سیناریۆی بەشار ئەسەد دووبارە دەکاتەوە
2026-01-07
99 جار خوێنراوەتەوە
هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب رایگەیاند، بەهۆی چڕبوونەوەی هێرشەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە "تانک و درۆن،" ژمارەی قوربانییان لە گەڕەکە کوردنشینەکان بۆ زیاتر لە 60 کەس (گیانلەدەستدان و بریندار) بەرزبووەوە؛ رێکارەکانی حکومەتیش بە "دووبارەکردنەوەی سەردەمی ئەسەد" وەسف دەکات.
هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ لە حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) لە نوێترین ئاماردا بڵاوی کردەوە: "ژمارەی شەهیدانی سڤیل بۆ 7 کەس و ژمارەی بریندارانیش بۆ 54 کەس بەرزبووەوە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن."
ئاسایش دەڵێت: "قوربانییەکان دەرەنجامی هێرشی دڕندانەن کە گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە بەکارهێنانی تانک، تۆپ و درۆن بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون دەیکەن."
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم هێرشانە هاوکاتن لەگەڵ سەپاندنی گەمارۆیەکی خنکێنەر بە تانک، کە دیمەنەکە "ئەو رەفتارانەمان بیر دەخاتەوە، کە رژێمی بەشار ئەسەد دەیکردن؛ لە رووی بەکارهێنانی هەمان بیانووی هەڵبەستراو و هەمان شێوازی سەرکوتکارانە کە پشت بە بەئامانجگرتنی سڤیل و هێزی سەربازی دەبەستێت بۆ ملکەچپێکردنی گەڕەکەکان."
شەڕی قورس لە شاری حەلەب لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ و سووپای عەرەبیی سووریا پێی ناوەتە رۆژی سێیەمەوە.
تەندروستیی حەلەب کوژرانی 4 سڤیل و برینداربوونی 18ـی دیکەی لە گەڕەکەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت (وەک مەیدان) راگەیاند؛ وەزارەتی بەرگریش کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی 5ـی دیکەی پشتڕاستکردەوە.
هەسەدە رایگەیاند، یەکەم هێرشی تانکی بۆ سەر گردی کاستێلۆ تێکشکێنراوە و حکومەتی بە "بەکارهێنانی گەنجانی رفێندراو وەک قەڵغانی مرۆیی" تۆمەتبار کرد.
|