لەساڵی تازەوە كارتی زانیاری و كارتی نیشتیمانی تێکەڵ دەکرێن

3   کاتژمێر پێش ئێستا  16 جار خوێنراوەتەوە

بەبڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراق لەساڵی تازەوە كارتی زانیاری نامێنێت و تێكەڵ بەكارتی نیشتیمانی دەكرێت.

 نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، بەبڕیاری محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، کارتی زانیاری نامێنێت و تێکەڵ بەکارتی نیشتمانی دەکرێت، لەگەڵ زیادکردنی چەند خزمەتگوزارییەکی دیکەدا.
 ئەو بڕیارەی سودانی لەکۆبوونەوەیەکی تایبەت بەپڕۆژەی ڕێکخستنەوەی کارتی نیشتمانی دراوە  کە یەکشەممە 14ـی کانونی یەکەمی 2025 ئەنجامدرا.

 بەگوێرەی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران، تاوتوێی ڕاسپاردەکانی تایبەت بەو پڕۆژەیە کراوە، بۆ ئەوەی کارتی نیشتمانی ببێتە سیستمێکی سەرەکی بۆ بەڕێوەبردنی زانیاریی کەسیی هاوڵاتییان و زیادکردنی کارتی زانیاری بۆ ناو کارتی نیشتمانی، بەبێ ئەوەی پێویست بکات بەجیا دەربهێنرێت.

 لەکۆبونەوەکەدا تاوتوێی پەرەپێدان بەسیستەمی ئەلیکترۆنیی کارتی نیشتمانی کراوە، بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی دیکە پێشکەش بکات، لەوانە: گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبون، داواکردنی وێنەی تۆماری و گۆڕینی باری کۆمەڵایەتی.

 سودانی بڕیاریداوە بەتەواوکردنی پرۆسەی ڕێکخستنەوەی کارتی نیشتمانی لەکەمترین ماوەداو بەڵگەنامەکانی دیکەی بۆ زیاد بکرێت، تاوەکو ببێتە سەرچاوەیەکی نیشتمانیی ئەلیکترۆنی بۆ کەمکردنەوەی قورسایی لەسەر شانی هاوڵاتییان لەهەڵگرتنی بەڵگەنامەکان و کەمکردنەوەی سەردانیکردنی فەرمانگەکان.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە