سەعدی پیرە: وەک یەکێتی و پارتی دوو بەرنامەمان لە پێشە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  46 جار خوێنراوەتەوە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی سەبارەت بە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، ئێمە و پارتی دوو بەرنامەیان لەپێشە، هەروەها بە گەشبینیشەوە لە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەڕوانێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: “ئێمە دوو بەرنامەمان لەپێشە، یەکێکیان پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقە، کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچووە، ئەوەی دیکەیان دەمێکە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە و حکوومەتی ھەرێم دروست نەبووە، ئەو کۆبوونەوەیەی بڕیارە ئه‌م ھەفتەیه‌ لە نێوان پارتی و یەکێتی بەڕێوەبچێت، سەبارەت بە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، چونکە ئەگەر ئێمە سەرکەوتوو نەبین لە دامەزراندنی حکوومەتی ھەرێم، ئەوە لە بەغدا زۆر لاواز دەبین و زەرەری زۆریش دەکەین.

وتیشی، “ئەگەر پارتی و یەکێتی سەرکەوتوو بن لە پێکھێنانی کابینەی حکوومەتی ھەرێم، بە دڵنیاییەوە لە بەغدا زۆر بەھێز دەبین و سوودی زۆری دەبێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، “پێویستە کورد حکوومەتی نوێ لە ھەرێمی کوردستان دروست بکات و پێکەوە و بە ھاوبەشی بچێتە بەغدا و بەناوی ھەرێمی کوردستانیشەوە دانووستان بکات”.

پەیوەست بەوەی تا چەند گەشبینە بە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی كه‌ بڕیاره‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، سەعدی ئەحمەد پیرە وتی: “من بە گەشبینی لەدایک بوومە و ھەمیشە گەشبینم زۆریش گەشبینم بە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی”.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە