چەکی گرووپە چەکدارەکانی عێراق چۆن یەکلایی دەکرێتەوە؟
3 کاتژمێر پێش ئێستا
16 جار خوێنراوەتەوە
پرسی گرووپە چەکدارەکان و کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا بە کراوەیی بۆ حکومەتی داهاتوو جێهێڵدراوە. ئەمە وتەی بەرپرسێکی رەوتی حیکمەی نیشتمانییە و دەشڵێت، 'حکومەت زانیاریی وردی لەسەر گرووپە چەکدارە لەیاسا دەرچووەکان هەیە'. گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەداش دەڵێت، 'پێموانییە هیچ لایەنێکی نێوخۆیی کێشەی لەگەڵ چەکی بەرەی مقاوەمە هەبێت'.
کازم فەرتووسی، وتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا بە رووداوی راگەیاندووە، "گرووپەکان چەندینجار بۆچوونی خۆیان لەبارەی چەکەوە دەربڕیوە، کە ئەمە بابەتێکی نێوخۆیی عێراقییە و ئەم چەکانە بۆ پاراستنی سەروەریی عێراقن و نابنە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری هیچ دەوڵەتێکی دراوسێ و دەوروبەر."
'چەکی ئێمە هی دەوڵەتە نەک حکومەت'
کازم فەرتووسی دەڵێت، "لە دۆخی ئێستا رادەستکردنی چەک لە ئارادا نییە، چونکە هێشتا هەڕەشە هەیە و مادام ئێمە هێشتا لە شەڕداین کەواتە رێگە بەوە نادرێت کە دووژمن داوا بکات چەکەکانمان رادەست بکەین بۆ ئەوەی بەسەرماندا زاڵ بێت، ئەمە گاڵتەجاڕییە کە هەندێک کەس داوای دەکەن."
وتیشی، "پێموانییە هیچ لایەنێکی نێوخۆیی کێشەی لەگەڵ چەکی بەرەی مقاوەمە هەبێت، چونکە دژی هیچ لایەنێکی نێوخۆیی بەکارنەهێنراوە و ئەو هێرش و بەئامانج گرتنانەشی هەبوون، بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان بوون، چونکە ئەوان بە سیفەتی ئەنجوومەنی ئاسایش، داگیرکەرن."
وتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا بە روونی ئاماژەی بەوە کرد، "بە تێڕوانین و تێگەیشتنێکی دروست، چەکی ئێمە هی دەوڵەتە نەک حکومەت."
کەتیبەکانی سەیدلشوهەدا لە ساڵی 2013 دامەزراوە و لەنێو دەستەی حەشدی شەعبی بەشدارە، ئەبو ئالا وەلائی ئەمینداری گشتییەتی.
فەرتووسی دڵنیاییشی دا لەوەی، بەلای ئەوانەوە بەئامانجگرتنی باڵیۆزخانە و شوێنە مەدەنی و ئابوورییەکان رێگەپێدراو نییە. "ئەوەی کردوومانە بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکان بووە، ئێمە لە فڕۆکەخانەی هەولێرمان نەداوە بەڵکو لە بنکەی داگیرکەری ئەمریکامان داوە لەوێ."
'سازانێکی سیاسی لەسەر پرسی کۆکردنەوەی چەک هەیە'
فەهد جبووری، ئەندامی سەرکردایەتیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی رایگەیاند، "دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان دراوەتە دەست فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکان لە حکومەتی نوێ دا، ئەرکی ئەوە ئەو دۆسیەیە چارەسەر بکات و چەکی دەرەوەی حکومەت کۆبکاتەوە و نەیهێڵێت.
ئەو سەرکردەیەی حیکمە ئاماژەی بەوە کرد، "حکومەت زانیاری وردی لەسەر گرووپە چەکدارە لەیاسا دەرچووەکان هەیە و دەتوانێت ئەو بابەتە چارەسەر بکات."
فەهد جبووری ئاشکرای دەکات، "سازانێکی سیاسی لەسەر پرسی کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت هەیە و بڕیاری سیاسیش لەبارەیەوە دراوە، بۆیە بەدڵنیاییەوە لە حکومەتی داهاتوو ئەو هەنگاوە بە کردەیی دەبینین."
ئەندامێکی دەوڵەتی یاسا: نابێت هیچ چەکێک لە دەرەوەی یاسادا بمێنێت
لەلایەکی دیکەوە، زیا ناسری، ئەندامی دەوڵەتی یاسا بە رووداوی راگەیاندووە، "هەمووان ئەو بۆچوونەیان هەیە کە نابێت هیچ چەکێک لە دەرەوەی یاسادا بمێنێت، جا بەدەست تاکە کەسێکەوە بێت یان گرووپێک."
ئەو ئەندامەی دەوڵەتی یاسا کە راوێژکاری سوودانییە وتیشی، "هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی حەشدی شەعبی سەر بە فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانە و جیاوازە، کە قسە لەبارەی هەندێک گرووپەوە دەکرێت ئەوانە لە دەرەوەی حەشدی شەعبین."
مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، چەند جارێک بە تایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هێرشی کردووەتە سەر گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق. بە تایبەتی ئەو گرووپانەی خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی ناساندووە.
29ی مانگی رابردوو لە پەیامێکی توونددا هۆشداری دایە بەغدا و رایگەیاند، مانەوەی عێراق وەک "وڵاتێکی کاریگەر" لە ناوچەکەدا، بەندە بە "چارەسەرکردنی یەکجارەکیی" دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادپەروەری.
|