ئەمریکا لەبارەی سیستمی بەرگری بۆ هەرێمی کوردستان بەڵێنێک دەدات

3   کاتژمێر پێش ئێستا  52 جار خوێنراوەتەوە

هەڵسوورێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت، "بە جیدی و خێرایی" لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە هەولێر و بەغدا کار دەکەن بۆ جێگیرکردنی سیستمی بەرگری بە مەبەستی پاراستنی ژێرخانی هەستیاری هەرێمی کوردستان لە هێرشەکان؛ داوا لە عێراقیش دەکات رووبەڕووی "پارەدارکردنی نایاسایی" و "دزینی سامانی عێراق" ببنەوە.
 
جۆشوا هاریس، هەڵسوورێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەمیدیاکانی، راگەیاند: "دوورخستنەوەی میلیشیاکان و گرووپە تیرۆریستییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن" لە حکومەتی داهاتووی عێراق، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی "هاوبەشیی ستراتیژی؛" هەروەها داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد رووبەڕووی هەوڵەکانی تاران ببنەوە "بۆ پارەدارکردنی نایاسایی و دزینی سامانی عێراق".
 
دووپاتی کردەوە، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە پەیوەندیی بەردەوامدان و کاردەکەن بۆ "ناردنی ئەو سیستمانەی کە ژێرخانی هەستیار دەپارێزن، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران و بریکارەکانی کە بە مووشەک و درۆن هەڕەشە لە سەقامگیری و هاوکاریی ئابووری دەکەن."
 
هاریس ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە سەرچاوەی کێشەکە چارەسەر بکرێ کە بریتییە لە: "بڵاوبوونەوەی توانای سەربازی لە دەستی میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە هەڕەشە لە سەلامەتیی ئەمریکی و عێراقییەکان دەکات."
 
وتیشی: "واشنتن زۆر روون بووە لەوەی بە زووترین کات ئەو گرووپانە چەک بکرێن."
 
بەرپرسی کارەکانی ئەمریکا مەرجەکانی واشنتنی بۆ هاوکاریی عێراق بە ڕوونی خستەڕوو و رایگەیاند: "زۆر بە روونی بە هاوبەشە عێراقییەکانمان گوتووە: بەشداریکردنی میلیشیاکان یان گرووپە تیرۆریستییەکان لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا لەگەڵ هاوبەشیی بەهێزی ئەمریکا و عێراق یەکناگرێتەوە. هەنگاوێکی لەو شێوەیە مەترسی دەخاتەسەر پەیوەندییە ستراتیژییەکە."
 
هاریس جەختی لەوەشکردەوە: "هاوبەشە عێراقییەکانمان باش لەوە تێدەگەن، چ شتێک بەرەو پێشمان دەبات یان نابات."
 
ئاماژەی بەوەدا، گفتوگۆ بەردەوامەکانیان لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەکان سەرنجیان لەسەر "پێویستیی هەنگاوێکە کە عێراق سەرکردایەتی بکات بۆ ئەوەی ئەو میلیشیا و گرووپە تیرۆریستییانە چەک بکرێن کە سەروەریی عێراق تێکدەدەن، هەڕەشە لە ئێمە و عێراقییەکانیش دەکەن" و خزمەت بە "ئەجێندای بیانی" دەکەن.
 
لەوەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەمریکا هێزی سەربازی بەکاردەهێنێت ئەگەر بکرێتە ئامانج، هاریس وتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان هەمیشە و لە هەموو شوێنێک هەر رێکارێک پێویست بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەیگرێتەبەر. سەرۆک ترەمپ زۆر روون بووە و دیدگەی خۆی بۆ ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە خستووەتەڕوو."
 
لەبارەی چالاکییە ئابوورییەکانی ئێران لە عێراق، واشنتن رەخنەی هەیە و تاران بەوە تۆمەتبار دەکات کە "دەیەوێ سامانی عێراق بدزێ" بۆ پارەدارکردنی ناسەقامگیری لە ناوچەکە.
  
سەبارەت بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی، بەرپرسی کارەکانی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن لە نزیکەوە چاودێری دەکات و وتی: "پێویستە ئەم گفتوگۆیانە بە خێرایی بەڕێوە بچن."
 
هاریس ستایشی "هاوبەشییە زۆر تایبەتەکەی" لەگەڵ هەولێر کرد و رۆڵی سەرکردایەتیی کوردی بە "گرنگ" ناوبرد.
  
هاریس پشتڕاستی کردەوە "هەندێک بەرپرس لە وەزارەتی نەوتی عێراق زنجیرەیەک رێکاریان گرتووەتەبەر کە بوونەتە هۆی رێگریکردن و پەکخستنی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە."
 
وتیشی: "ئێمە لە گفتوگۆی کاراداین لەگەڵیان و بابەتەکە پێویستی بە گرنگیپێدانی بەپەلە هەیە. چاوەڕوانین هاوبەشە عێراقییەکانمان پابەندی ئەو بەڵێنانە بن کە داویانە."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە