ئەم شەپۆلی بارانبارینە کەی کۆتایی دێت؟
1 کاتژمێر پێش ئێستا
11 جار خوێنراوەتەوە
بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان بڵاویكردهوه، کاریگەری ئەو شەپۆلی باران بارینەی ڕوی لە ناوچەکەمان کردبو بەرەو کۆتایی دەچێت، بەڵام ناجێگیری کەش هەندێ جار چالاک دەبێت لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و بەشێک لە سنوری پارێزگای هەولێر و ئەگەری کەمێک باران لەسەنتەری پارێزگای هەولێر و بەشێک لە سنوری پارێزگای دهۆک لەکاتی جیا جیادا دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان لەکاتەکانی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممەوە کۆتای هاتووە، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەگەری نمە بارانە لە سەر ناوچەی جیا جیا. هەروەها پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
لەبارەی كەشی سبەی پێنجشەممەوە كەشناسی دەڵێت، "ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان هەندێ کات دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و ئەگەری نمە باران لە هەندێ کاتدا هەیە، بەگشتی کەشەکە تا ڕادەیەک جێگیرە، جگە لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان هەندێ کات نمە بارانی دەبێت. پلەکانی گەرماش کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. بەگوێرەی داتای وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، "لە هەندێک ناوچەدا بڕی بارانی باریو 120 میـلیمەتری تێپەڕاندووە.و بەهۆی دروسبوونی لافاویش ژمارەیەک هاوڵآتی لە سنوری چەمچەمال گیانیان لەدەستداو برینداربوون و زیانێکی زۆریش بەر هاووڵاتیان کەوتووە.
ئەم شەپۆلی بارانبارینە لەکاتێکدایە کێشەی کەمئاوی ساڵانێکە بەرۆکی عێراقی گرتووە و و ساڵی 2025 بە وشکترین ساڵ دادەنرا لە مێژووی عێراقدا.
|