لەبارەی گۆڕینی ناسنامەى ناوچە کوردستانییەکان هۆشداری دەدرێت

1     کاتژمێر پێش ئێستا  126 جار خوێنراوەتەوە

دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رایگەیاند: ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە 5ى11ى2024  بڕیاریدا پێش راگەیاندنی دەرئەنجامەکانی سەرژمێری گشتی تەواوی ئەو هاووڵاتییانەی لەبەر هەرهۆکارێک ئێستا لە کەرکوک نیشتەجێن و لە خواروو ناوەڕاستی عیراقەوە هاتوون و بەشێک نین لەسەرژمێری 1957 و دۆسیەکانیان بۆ ناوچەکانی خۆیان بگەڕێندرێتەوە ، بـەڵام بەداخەوە هیچ جۆرە پابەندبوونێک بەم بڕیارەوە دیار نیە و ئێمەش ئەمە بە مەترسییەکی جدی لەسەر ئەو ناوچانە دەبینین و پێچەوانەی بنەما گشتیەکانی مادەی 140 ی دەستورە و هەر جۆرە دەستبردنێک بۆ گۆڕینی ناسنامە و دیموگرافیای شاری کەرکوک و خانەقین و شەنگال و تەواوی ناوچە کوردستانیەکان  قبوڵ کراو نیە.

دەقى راگەیەنراوەکە:

راگەیاندراوێک لە دەستەی ناوچە کوردستانیەکانەوە لە بارەی سەرژمێریەوە

ڕۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٦-١١-٢٠٢٥ وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەرئەنجامی سەرژمێری گشتی عێراقی ڕاگەیاند، وەک لای هەموو لایەک ڕوونە بڕیاری هاوبەشی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان وابوو ، سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ بکرێتە بنەمای سەرژمێریەکە لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکان.

لەو بارەیەشەوە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە ٥-١١-٢٠٢٤ بڕیاریداپێش ڕاگەیاندنی دەرئەنجامەکانی سەرژمێری گشتی تەواوی ئەو هاووڵاتیانەی لەبەر هەر هۆکارێک ئێستا لە کەرکوک نیشتەجێن و لە خواروو ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوون و بەشێک نین لەسەرژمێری ١٩٥٧ و دۆسیەکانیان بۆ ناوچەکانی خۆیان بگەڕێندرێتەوە.

بـەڵام بەداخەوە هیچ جۆرە پابەندبوونێک بەم بڕیارەوە دیار نیەو ئێمەش ئەمە بە مەترسییەکی جدی لەسەر ئەو ناوچانە دەبینین و پێچەوانەی بنەما گشتیەکانی مادەی ١٤٠ ی دەستورە، بێگومان ئەم پێشهاتە نیگەرانیەکانی ئێمەی کرد بە ڕاستی و ئەگەر ڕوونکردنەوەی پێویست و بڕوا پێکراو لە لایەن بەغداوە نەدرێت بە حکومەتی هەرێم ، ململانێ دەستووریەکانی ئێمە دەگوازێتەوە بۆ قۆناخێکی دژوارتر.

لای هەموو لایەک ڕوونە هەر جۆرە دەستبردنێک بۆ گۆڕینی ناسنامەو دیموگرافیای شاری کەرکوک و خانەقین و شەنگال و تەواوی ناوچە کوردستانیەکان  قبوڵ کراو نیە و پێویستە لە دەرەوەی ململانێکان لە هەرێمی کوردستان، حکومەت و کۆی لایەنە سیاسیەکان ئەم دۆخە بەجدی وەربگرن و کاری بنچینەیمان پاراستنی ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکوک و تەواوی ناوچە کێشە لەسەرەکانی تـر بێت .


دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم


   ئەمانەش بخوێنەرەوە