سوودانی لەبارەی هێرشەکەی کۆرمۆر بڕیارێکی 'بەپەلە' دەدات

3   کاتژمێر پێش ئێستا  219 جار خوێنراوەتەوە

محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق "کۆبوونەوەیەکی بەپەلە"ی ئەنجامدا و بڕیاریدا لیژنەیەکی باڵا بە بەشداریی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر پێکبهێنرێت.
 
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان "سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کردووە بە ئامادەبوونی هەریەکە لە وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و سەرۆکی دەزگا ئەمنییەکان، بۆ تاوتوێکردنی دەرهاویشتەکانی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر کێڵگەی کۆرمۆر."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، سوودانی فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی "لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵا" بە سەرۆکایەتیی وەزیری ناوخۆی عێراق.
 
لەبارەی پێکهاتەی لیژنەکەوە هاتووە، هەریەکە لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەندامی لیژنەکەن، هەروەها لێکۆڵینەوەکان بە پاڵپشتیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچن.
 
هاوکات لیژنەیەکی هونەری کە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان پێکهاتووە، ئەرکی لێکۆڵینەوەی وردیان پێسپێردراوە بۆ ئاشکراکردنی بکەرانی ئەو کردەوەیە و ئەو لایەنانەی پشتیوانییان کردوون، بەمەبەستی سزادانیان بەپێی یاسا.
 
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، هێرشەکەی شەوی رابردووی (چوارشەممە)ـی سەر کێڵگەی کۆرمۆری لە هەرێمی کوردستان بە "دەستدرێژییەکی تاوانکاری" و هەوڵێک بۆ لێدانی سەقامگیریی وڵات لەلایەن "لایەنە تیرۆریستییەکانەوە" ناوبرد، ئەوەش لەکاتێکدایە "عێراق بەرەو سەقامگیری هەنگاو دەنێت."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە