ئەم ساڵ زیاتر لە 6500 گەنجی هەرێم کۆچیان کردووە
52 خولەک پێش ئێستا
17 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا دەڵێت، ئەم ساڵ زیاتر لە شەش هەزار و 500 هاونیشتمانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان کۆچیان کردووە. دەشڵێت، نزیکەی 100 کەس لە کۆچبەران، لە وڵاتانی جیاجیا زیندانی کراون.
ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ڕانیە کە پەیامنێری ٧ڕۆژ ئامادەی بوو ڕایگەیاند، ئاماری ئەم ساڵی تایبەت بە کۆچبەرانی راگەیاند.
بە وتەی ئەبوبەکر عەلی، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، زیاتر لە شەش هەزار و 500 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە کە لەو ژمارەیە نزیکەی هەزار و 500ـیان خەڵکی دەڤەری راپەڕینن.
وەک سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان رایگەیاند، ''لەو رێگەیەدا، چوار گەنج بوونەتە قوربانی کە تەرمی دووانیان گەڕێندراونەتەوە و چاوەڕێ دەکەین فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی گەڕاندنەوەی دوو تەرمەکەی دیکەش بدات.''
ئەبوبەکر عەلی ئەوەشی خستەڕوو، جیا لە بەندکراوان، لانیکەم حەوت کۆچبەری کوردی دیکە بێسەروشوێنن.
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی شەش مانگە 9 هاونیشتمانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بولگاریا زیندانی کراون کە حەوتیان خەڵکی دەڤەری راپەڕینن و دووانیان خەڵکی پارێزگای دهۆکن. هەروەها دوو هاونیشتمانیی دیکە لە مالیزیا راگیراون.
وتیشی، 80 کۆچبەری هەرێمی کوردستان لە لیبیا و توونس دەستگیرکراون و ماوەی ساڵێک و 20 رۆژیشە خێزانێکی کورد لە ئەرمینیا گیراون؛ ''ئومێد دەکەین فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەت و وەزارەتی دەرەوەی عێراق بێنە سەر هێڵ بۆ ئەوەی ئەو هاونیشتمانییانەش بگەڕێننەوە.''
ئەم ساڵ چەندینجار گەنجانی کورد لە لیبیا و توونس دەستگیرکراون و گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان، کە دەیانەوێ لەو وڵاتانەوە بە دەریادا خۆیان بگەیێینە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.
|