کۆمپانیای سۆمۆ ئامارێکی لەبارەی نەوتی هەرێم بڵاوکردەوە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  81 جار خوێنراوەتەوە

ئاماری بارکردنی نەوتی هەناردەکراوی کۆمپانیای سۆمۆ بۆ مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو دەریخستووە، زیاتر لە 110 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی هەردوو بەندەرى بەسرە و جەیهانی تورکیاوە بارکراوە، پێنج ملیۆنی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە، رۆژانە بە تێکڕا دەگاتە 188 هەزار بەرمیل نەوت.
 
بەگوێرەی ئاماری بارکردنی نەوتی هەناردەکراو، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڵاوی کردووەتەوە، لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا 110 ملیۆن و 650 هەزار و 970 بەرمیل نەوتی هەناردەکراو لە هەردوو بەندەری بەسرە و جەیهانی تورکیا لەلایەن کەشتییە کڕیارەکانیانەوە بارکراون، کە رۆژانە نزیکەی 3.6 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە.
 
66 ملیۆن و 78 هەزار و 192 بەرمیلیان نەوتی سووک بووە کە لە رێگەی بەندەرەکانی بەسرەوە هەناردە دەکران، 38 ملیۆن و 737 هەزار و 914 بەرمیلی نەوتی قورس بووە، کە لە هەمان بەندەرەوە بارکراون.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە رووداوی وتووە: "ئەو ئامارە تایبەتە بەو بڕە نەوتە هەناردەکراوەی، لەلایەن کەشتییەکانەوە بار دەکرێت، لەدوای کۆگاکردنی لە کۆگاکان لە بەندەری بەسرە و جەیهانی تورکیا."
 
بەگوێرەی ئامارەکە، لە مانگی تشرینی یەکەم لەو بڕە نەوتە، 5 ملیۆن و 834 هەزار و 864 بەرمیل نەوتی بارکراوی هەرێمی کوردستان بووە لە بەندەری جەیهانی تورکیا، کە لە ماوەی 8 رۆژدا بارکراون.
 
27ی ئەیلوولی 2025 هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەستیپێکردەوە، لەدوای ئەوەی لە کۆتایی ئاداری 2023 راگیرابوو.
 
لە ئامارەکەدا هاتووە، تێکڕای نەوتی بارکراوی هەرێمی کوردستان لە مانگی تشرینی یەکەمدا لە رۆژێکدا 188.2 هەزار بەرمیل بووە، زۆرترین بڕی نەوتى بارکراو لە 6ی تشرینی یەکەم بووە کە 331 هەزار و 24 بەرمیل بووە.
 
د. گۆڤەند شێروانی، پسپۆڕی بواری نەوت رایگەیاندووە: "ئەو ئامارە تایبەتە بە نەوتی فرۆشراو، نەوتی هەرێمی کوردستان کەمتر لە کۆگاکانی بەندەری جەیهان دەمێنێتەوە، هەندێکجار گەیشتنی کەشتیی  گوێزەوەى نەوتەکە بۆ بەندەرەکە دوا دەکەوێت."
 
بڕی نەوتی بارکراوی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهان:
 
3-10-2025: 647010 بەرمیل
 
6-10-2025:  331024 بەرمیل
 
9-10-2025:  1031445 بەرمیل
 
13-10-2025:  601823 بەرمیل
 
16-10-2025: 587398 بەرمیل
 
20-10-2025: 1027119 بەرمیل
 
24-10-2025: 608680 بەرمیل
 
30-10-2025: 1000365 بەرمیل


   ئەمانەش بخوێنەرەوە